دادگهای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان له سكاڵایه‌كی وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری ناوخۆ كۆدەبێتەوە، كە تایبەتە بە پرسی ئاوارە عێراقییەكان و داخستنی كامپەكانی هەرێم.
بەپێی بەدواداچوونێكی (خەڵك)، ڕۆژ یه‌ك شه‌ممه 30ی حوزه‌یران، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی تر سه‌باره‌ت به سكاڵایه‌كی ئیڤان فایه‌ق، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق ئه‌نجام ده‌دات له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیران و ڕێبه‌ری ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان “سەرەڕای كارەكانیان”.
وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له سكاڵاكه‌یدا داوایكردووه ئه‌و سێ به‌رپرسه باڵایه‌ی هه‌رێم په‌یوه‌ست بكرێن به داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره 24007ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له باره‌ی داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان.
بڕیاری ژمارە 24007ی ساڵی 2024ی حكومەتی عێراق سێ بڕگەیەكە:
یەكەم: پەسەندکردنی بەردەوامی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی (٢٣٤٦٦)ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانە ئاوارەکان و ئەوانەی لە ئاوارەبوون دەگەڕێنەوە و کەمکردنەوەی بارگرانییەکانیان.
دووەم: دانانی بەرواری 30- 6- ٢٠٢٤ وەک وادەی داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان.
سێیەم: پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی نوێنەری وەزارەتی کۆچ و ئاوارە و ئەندامێتی نوێنەری وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە، جگە لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە بڕگەی (2)دا هاتووە.
له ئێستادا زیاتر له 28 هه‌زار ئاواره له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، هه‌ر ئاواره‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران چوار ملیۆن دینار و سێ ئامێری ناو ماڵی ده‌داتێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاوه‌كو 30 ته‌ممووز نه‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌و هاوكارییه‌یان نادرێتێ، هەرچەندە لە بڕیاری یەكەمدا وادەی 30ی حوزەیران دیاری كرابوو، بەڵام دواتر وادەكە درێژكرایەوە بۆ 30ی تەمموز.