پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، خەڵکی کوردستان ماندووی دەستی قەیرانی مووچە و کێشە ناوخۆییەکانن و دەشڵێت: هەرێمی کوردستان پێویستە هەڵبژاردن بكاتە وێستگەی چارەسەرکردنی کێشەکان.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، دواکەوتنی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و کێشە سیاسیە ناوخۆییەکان پێگە و هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیان لاوازکرد و دەشڵێت: “شتێک نەماوە بەناوی پرۆسەی سیاسی، نە پەرلەمان هەیە و نە دەستپێشخەری و جوڵەی سیاسی هەیە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەڵبژاردن؛ دەرفەتی بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و گەڕاندنەوەی هێزی پێگەی هەرێمی کوردستان و دەرفەتێکیشە بۆ ئەزموونی دیموکراسی، بەو مەرجەی لایەنەکان بە گوتاری نیشتمانی ودوور لە تەشەنوجی سیاسی و زمانی زبڕ و توندوتیژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرێوەبچێ”.
جەختیشی كردۆتەوە، “هەرێمی کوردستان پێویستە هەڵبژاردن و خولی شەشەمی پەرلەمان بکاتە وێستگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەگژاچوونەوەی فەسادی ئیداری و بنیادنانی دامەزراوەیی نیشتمانی کە نیمانە تائێستا”.
ئاشكراشی كردووە، “خەڵکی کوردستان ماندووی دەستی قەیرانی مووچە و کێشە ناوخۆییەکانن، بۆیە واباشە بانگەشەی هەڵبژاردن و کەشی پێش بانگەشە و تای هەڵبژاردن کەشێک نەخوڵقێنێ هێندەی تر خەڵک بێزار بکات و بەپێچەوانەوە هەوڵبدەن خەڵک ئاشت بکەنەوە”.