لە چوارچێوەی ئاهەنگەكانی شەوی سەری ساڵدا لە فەڕەنسا، نزیكەی ٥٠٠ كەس دەستگیركران.
لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، جێراڵد دارمانین لە دوورگەی مایۆت سەربە وڵاتەكەی، ئاماژەی بەوەكرد، ئێوارە و شەوی سەری ساڵ بە گشتی هێمن بووە و دوێنێ هیچ رووداوێكی جددیی لە فەرەنسا رووینەداوە.
جێراڵد دارمانین ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی ئۆتۆمبیێلی سووتێندراو لە شەوی سەری ساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ كەمیكردووە و ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ساڵی نوێدا ئاگریان تێبەردراوە، ٦٩٠ ئۆتۆمبێل بوون.
دارمانین وێڕای ئاماژەدان بەوەی نزیكەی ٥٠٠ كەس لە شەوی سەری ساڵدا دەستگیركراون، ئاشكراشیكردووە ئەوە بە مانای هەڵكشان بەڕێژەی لەسەدا ١١ دێت.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی لە شانزێلیزێ كە بەناوبانگترین شەقامی پاریسە و نمایشی یاری ئاگرین تێیدا بەڕێوەچوو، زیاتر لە یەك ملیۆن كەس ئامادەبوون و ئەو ژمارەیەش لە رووبەرێكی فراوانتردا گەیشتووەتە دوو ملیۆن كەس.
شەوی سەری ساڵ ٩٠ هەزار پۆلیس و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان لە ئەركدابوون.