مەسرور بارزانی سایلۆی قوشتەپەی کردەوە کە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە گوژمەی 21 ملیار و 276 ملیۆن دینار دروستیکردووە و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپە کردەوە و لە وتەیەکیدا ئاماژەی بە گرنگی دروستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکومەت لە بواری گرنگیدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.
سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچن .
وتیشی: “ئەمساڵ بیستمان ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەمان زیاتر بووە و لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت کە تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەندێک شتیان قبوڵ کردووە بەس لە ئاستی پێویستی ئێمەدا نەبووە”.
مەسرور بارزانی، جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی کوردستان دەکات و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی 21 ملیار و 276 ملیۆن و 835 هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.