سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، لەم هەفتەیەدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات.
دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ (٨)ی راگەیاند، پەیوەندییان بە سەرۆکایەتی هەرێمەوە کردووە و دڵنیایان کردینەوە لەم هەفتەیەدا وادەی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت.
دەشڵێت:”تاوەکو ئێستا 21 کاندیدی سەربەخۆ خواستیان نیشانداوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن و 14 کاندیدی تورکمان لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی ناوی خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە و 12 کاندیدی مەسیحی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ناوی خۆیان تۆمارکردووە”.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاندووە، دوو حزبی نوێ لە پارێزگای سلێمانی خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.