سەرۆکی یەکێتی ئامادەیی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردن دووپاتکردەوە و دەڵێت” پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەست بە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی بكەن”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن کۆبووەوە و تاوتوێی ئامادەکارییەکانی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردن کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق یەكێتی بووە هێزی یەكەمی لایەنە كوردستانییەكان، و ئاماژەی بەوەشکرد، یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نییە،
وتیشی، دروستكردنی هەر بەربەستێكیش لەبەردەم ئەو پرۆسە گرنگەدا، لێدانە لە خواستی خەڵك و رەوتی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان.
سەرۆکی یەکێتی ئەوەشی خستەروو، پێویستە هەموولایەنەكان پابەندبن بەو وادەیەی كۆمسیۆن وەك لایەنی فەرمی و جێبەجێكار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێشنیازیكردووە كە ٥ی ئەیلوولی ئەمساڵە و هیچ بیانوویەكی بۆ دواخستنی پرۆسەكە نەهێشتووەتەوە،
سەرۆکی یەکێتی جەختیکردەوە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەست بە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی بكەن و پێكەوە لەپێناو كوردستانێكی بەهێزتر و داهاتوویەكی پرشنگدارتر هەنگاوبنێن، پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان نەبنە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان و ژیانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان تێكەڵی ململانێ ناڕەواكان نەكرێت.
وتیشی، پەیڕەوكردنی ئەم هەنگاوانە بوێری دەوێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بێگومان ئامادەیە.