ناوەندی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماری جیابوونەوەی هاوسەرانی ڕاگەیاند و دەڵێت” لە چوارمانگدا زیاتر لە هەزار حاڵەت تۆمار کراوە”.
فازڵ غەراوى، بەڕێوەبەرى ناوەندەی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق روو لە هەڵکشانە، تەنها لە چوار مانگى سەرەتاى ساڵى ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار حاڵەتى جیابوونەوەى هاوسەران لە عێراق تۆمارکراوە.
بەپێی ئەو داتایەی بەڕێوەبەری ناوەندەکە خستویەتییە ڕوو، لە مانگى یەک-ی ئەمساڵ حەوت هەزار و 453 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، و لەمانگى دوو شەش هەزار و 324، لەمانگى سێدا شەش هەزار و 222 و لەمانگى چواریشدا پێنج هەزار و 537 حاڵەتى جیابوونەوە تۆمارکراوە.
هاوکات هۆکارە سەرەکییەکانی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی باس کردووە و دەڵێت”دیارترین هۆکارەکانى جیابوونەوە کەمیى رۆشنبیریى هاوسەرگیریى، لێکتێنەگەیشتن، توندوتیژى خێزانى، دەستوەردان لەلایەن کەسوکار و هاوڕێى هاوسەران، هاوسەرگیرى پێشوەختە، بارودۆخى دارایى، ناپاکى هاوسەرگیریى، خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن، لاوازى تێگەیشتنى ئایینى، فرە هاوسەرگیریى، لاوازى سیستمى بەها کۆمەڵایەتییەکان، تێکچوونى شیرازەى خێزان و بوونى زیاتر لە یەک خێزان لە یەک ماڵدا.
غەراوی داوای هۆشیارکردنەوەی خەڵك دەکات بۆ سنووردارکردنى حاڵەتەکانى جیابوونەوەى هاوسەران، هەروەها داواش دەکات شوێنى نیشتەجێبوونى هەرزان بەبێ زیادە ئامادەبکرێت، لەبەر کەمدەرامەتی و کەمکردنەوەی گرفتی شوێنی نیشتەجێبوون.