جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی بۆ نوێكردنەوەی پاسپۆرتەكەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی دەكات و داوا لە كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەكە دەكات، “بەگڕوتینی زیاترەوە خزمەت بکەن و ببنە جێی ڕەزامەندی هاونیشتیمانییان”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، بەمەبەستی نوێ کردنەوەی پاسپۆرتەکەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کرد و لەسەردانەکەیدا وەک هاونیشتمانییەک لە نۆرەی وەرگرتنی پاسپۆرتدا وەستا و لەنزیکەوە لەگەڵ سەردانکەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە گفتوگۆی کرد، بەمەبەستی گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و ئاگاداربوون لە چۆنیەتی ڕایی کردنی مامەڵەکانیان.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، قوباد تاڵەبانی چەند بەش و هۆبەیەکی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بوو، لەو بەسەرکردنەوەدا ستایشی خزمەت و دڵسۆزی ئەفسەران و کارمەندانی کرد، کە بەوپەڕی لێهاتووییەوە کارەکان ڕادەپەڕێنن.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی کۆبووەوە و تاوتوێی باشتر ڕایی کردنی کاروباری هاووڵاتیانیان کرد، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ڕاسپارد وەک هەمیشە و بەگڕوتینی زیاترەوە خزمەت بکەن و ببنە جێی ڕەزامەندی هاونیشتیمانییان.
ڕاشیگەیاند، پاسپۆرتی سلێمانی جێگای شانازی هەموومانە و یەکێکە لە بەڕێوەبەرایەتییە باشەکان.
ئەم سەردانەی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە، پێشتر بێ ئاگادارکردنەوە و لەناکاو بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی بەڕێوەبەرایەتییەکان سەردانی بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی کردووە.