سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی لە ژووری بازرگانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، خانووەکانی ئێمە زۆرینەی لە بلۆک دروستکراون بۆیە لە وەرزی هاویندا زۆر گەرم دەبن و پێویستیان بە فێنککەرەوە دەبێت دەشڵێت: داوا دەکەم لە ئەمڕۆوە کارگەی بلۆکەکان دابخەن.
ئارام بابان، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی لە ژووری بازرگانیی سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەشوهەوای وڵاتی ئێمە بە شێوەیەکە، هاوینان پلەی گەرما دەچێتە سەروو 40 پلەی سەدی، لە زستانیشدا پلەی گەرما دێتە خوار سفری سەدی، خانووەکانی ئێمە زۆرینەی لە بلۆک دروستکراون، کە سروشتی وایە وزە ناگەڕێنێتەوە.
وتیشی، “من داوا دەکەم لە ئەمڕۆوە کارگەی بلۆکەکان دابخرێن یان بکرێن بە کارگەی خشت یان ماددەی دابڕێنەر (عەزل)، چونکە خشت 50% ی وزە دەگەڕێنێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەنجامی بەکارهێنانی بلۆکە لە دروستکردنی خانووەکاندا، كە مووچەخۆرێک 30% ی مووچەکەی بدات بە فێنککەرەوە لە هاویندا و گەرمکەرەوە لە زستاندا.