پارێزگاری هەولێر لەبارەی كێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیانەوە ڕایدەگەیەنێت، كێشەی سەرەكیمان نەبوونی كارەبایە و كاتێكیش دەڵێین دەست بە ئاوەوە بگرن رەخنەمان لێدەگرن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند، ”بە بەردەوامی كێشەی نەبوونی ئاو لە هەولێر لە وەرزی هاویندا هەیە و ئەوە كێشەی ساڵێك و چەند ساڵێك نییە، كاتێكیش بە هاووڵاتییان دەڵێین دەست بە ئاوەوە بگرن ڕەخنەمان لێدەگرن”.
ڕاشیگەیاند، ”ئاوی زیاترمان هەبووە لەو ڕێژەیەی پێوەرە جیهانییەكان بۆ هەركەسێكی دیاریكردووە و هەوڵەكانیش زۆر باش بوون و دەبوو كێشەكە چارەسەربووایە، چونكە ئەمساڵ ڕێژەیەكی زۆر باران باریوە”.
پارێزگاری هەولێر وتی، ”كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی كارەبایە و بڕیاربوو وەزارەتی كارەبا، كارەبای 24 كاتژمێرییمان بۆ دابین بكات بەڵام بۆمان نەكرا، ئێستا ئێمە بەناچاری كارەبا لە مۆلیدەكان وەردەگرین و ئەوەش بارگرانیی زۆری لەسەر حكومەتی دروستكردووە”.
جەختیشی كردەوە، چەند بەنداو و پۆندێك دروست كراون، كە كاریگەریان لەسەر باشتركردنی ئاوی ژێرزەوی دەبن و هەوڵەكانی حكومەتیش بەردەوامن.