پزیشکیان، دەیەوێت دەنگی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر بکات



ئەو نیوەی کوردە و دەیەوێت دەنگی سەراپای کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆخۆی مسۆگەر بکات و لە میانی سەردانەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، باشکردنی بژێوی ژیان و دادپەروەری و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان کردووەتە چەقی بانگەشەکانی، وەک تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان، دروشمێکی کورتی دوو وشەیی هەیە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم خولە؛(لەپێناو ئێران)، کە چاودێران دروشمەکەی هەم بە بەڵێن و هەم ڕەخنەی لێک دەدەنەوە.

مەسعود پزیشکیان، لەدایکبووی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٥٤، پزیشک و سیاسەتوانی ئێرانییە کە لە ئێستادا نوێنەری تەورێزە لە پەرلەمانی ئێران.

 

پزیشکیان. لە شاری مەھاباد لە باوکێکی ئازەربایجانی و دایکێکی کورد لەدایک بووە، دوای وەرگرتنی دیپلۆم لە ساڵی ١٩٧٣، ڕووی لە زابۆل کردووە بۆ ئەوەی خزمەتە سەربازییەکەی ئەنجام بدات، ھەر لەم ماوەیەدا حەزی لە بواری پزیشکی بوو.

 

مەسعود پزشکیان، کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، دەڵێت؛ گەنجانی خوێندەواری کورد بۆ دەبێ کاری کۆڵبەری بکەن.

 

ڕۆژی شەمە ٢٢ – ٦ – ٢٠٢٤، لە سەردانیدا بۆ پاریزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەمەبەستی بانگەشە بۆ هەڵبژاردن هاتبوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئەو پاریزگایە کۆبووە وە، لە بەشێک لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە کێشە و گرفتەکانی ناوچە سنوورییەکان وتی: گەنجانی خوێندەوارمان نابێ کۆڵبەری بکەن.

 

وتیشی: پێویستە دادپەروەری بۆ هەموو ئێرانییەکان هەبێت لە دەستڕاگەیشتن بە کار و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە.

 

ڕاشیگەیاند؛ دەتوانین سنوورێک دروست بکەین کە بازرگانی تێدا بکرێت، نەک کۆڵبەری.

 

سەبارەت بە پرسی ژنانیش وتی: ئێمە دژی هەر جۆرە مامەڵەیەکی توندوتیژی و نامرۆڤانەین بەرامبەر بە ژنان و کچان، و ڕێگە نادەین وەها ڕووداوێک ڕووبدات و توندوتیژییان بەرامبەر بکرێت.

پزیشکیان لە میانی دیبەیتی کاندیدانی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئێران بەردەوام جەخت لە سەر نەهێشتنی هەژاری و دادپەروەردی نێوان نەتەوەکانی ئێران دەکات و دەڵێت؛ دەبێت هەژاری نێو کۆمەڵگا نەمێنێت و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ بدەین، بەم جۆرە خەڵک لەگەڵمان دەبێت هەر وەک سەرەتای شۆڕش کە سەدا 98 ی هاووڵاتیان دەنگی ئەرێیان دا.

 

پزیشکیان دەشڵێت، سوننە و کورد و بەلووچ هەمووان خەڵکی ئێمەن و ئەبێ دادپەروەریمان هەبێت و بە ئەندازەی پێویست لە ناوچە سوننە نشینەکان خزمەت نەکراوە.

 

پزیشکیان داوای کردووە کە ماددەی ١٥ی دەستووری ئێران بۆ ھەموو نەتەوەکان جێبەجێ بکرێت، کە ئەم ماددەیە دەڵێت: «زمان و ڕێنووسی فەرمی و ھاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە، بەڵگەنامەکان، نامەکان، دەقە فەرمییەکان و کتێبەکانی ناوەندەکانی خویندن دەبێت بەم زمان و ڕێنووسە بێت، بەڵام بەکارھێنانی زمانە خۆماڵی و ئێتنیکییەکان لە ڕاگەیاندن و میدیا گشتییەکاندا و فێرکردنی وێژەی ئەم زمانانە لەگەڵ زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا ڕێگە پێدراوە».

 

ئەو جێبەجێکردنی ماددەکەی بە ئاستەنگێک لەبەردەم بەخشینی بیانوو بە جیاخوازان و ناڕازییەکان زانیوە، هەروەک پاڵپشتی لە فێرکردنی زمانی ئازەربایجانی لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەکات.

ئەوەشی وتووە؛ هێڵی سووری من سیاسەتەکانی ڕێبەری باڵایە.

 

ئەو لە کابینەکەی محەممەد خاتەمی لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٥، وەزیری تەندروستی بوو، ھەروەھا وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠ کاری کردووە.

لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠١٣ خۆی کاندید کرد، بەڵام دواتر کشایەوە و لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢١دا جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوە کە لە ھەڵبژاردنەکە بێبەش کرا.

 

ئەو لە ئێستادا خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٤ کاندید کردووە.

 

لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ھەم سەرباز و ھەمیش پزیشک بوو.

 

پزیشکیان لە ساڵی ١٩٨٥، خولی پزیشکیی گشتی تەواو کردووە و لە کۆلێژی پزیشکی دەستی بە وانەوتنەوە لە فیزیۆلۆژی کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٩٠، پسپۆڕیی نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز بەدەستھێناوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٣، پسپۆڕیی لاوەکی لە نەشتەرگەریی دڵ لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرتووە.

 

پزیشکیان لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٥ لە کابینەی محەممەد خاتەمیدا بووە وەزیری تەندروستی.

 

پزیشکیان، مامۆستای قورئان و بێژەری نەھجول بەلاغەیە کە دەقێکی سەرەکییە بۆ شیعەکان.

 

پزیشکیان لایەنگری سوپای پاسدارانە و سوپای ئێستای بە «جیاواز لە ڕابردوو» ناوبردووە.

 

ناوبراو ئیدانەی ڕاگەیاندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠١٩دا کردووە.

 

لە شەش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە 800 دۆنمی سنووری سلێمانی سووتان
پێت لە شەش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە 800 دۆنمی سنووری سلێمانی سووتان
کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەکرێت
دوات کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەکرێت
پەیوەندیدار