سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و پاراستنی گیانی فەرمانبەران گۆڕانكاری لە كاتەكانی دەوام لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان كرد و دەوامی بەیانیانی خستە كاتژمێر 7 تاوەكو 1ی نیوەڕۆ.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران بۆ دەوامی فەرمانبەران لە وەرزی گەرمادا چەند بڕیارێكی دەركرد، كە جگە لە بەغدا لە سەرجەم فەرمانگەكان دەوام دەكرێت بە 7ی بەیانی بۆ 1ی نیوەڕۆ.
ڕاشیگەیاندووە، کارکردن بەردەوامە لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان لە بەغدای پایتەخت، بەپێی ئەو کاتانەی ئاماژەی پێکراوە بەپێی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی وەزیران (24213)ی ساڵی 2024، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو هەموارکردنەوەیە:
1- دابینکردنی کاتی دەستپێکردنی دەوامی فەرمی بە یەک کاتژمێر بەپێی ئەو پۆلێنکردنەی، کە لە بڕیاری پێشوودا ئاماژەی پێکراوە.
2- کەمکردنەوەی ژمارەی دەوامی فەرمی بە یەک کاتژمێر لە کۆتایی ڕۆژی دەوامدا، بۆیە کۆتایی هاتنی کاتی دەوام دوو کاتژمێر زووتر دەبێت لەو کاتەی، کە پێش ئەم ڕێنماییە کاری پێدەکرێت (کاتژمێرێک بەهۆی پێشوەختە و کاتژمێرێکی زیادە کە دەبێ بدرێت بۆ کەمکردنەوەکە).
جەختیشی كردۆتەوە، دەوامی فەرمی بەپێی ئەو کاتانە دەبێت، کە لەم ڕێنماییەدا ئاماژەی پێکراوە، لە ڕۆژی یەک شەممە 23ی حوزەیرانی 2024 دەست پێدەکات تا ڕۆژی پێنج شەممە 29ی ئاب(8)ی 2024، دواتر ئەو کاتانەی کە پێش دەرچوونی ئەم ڕێنماییە کاری پێدەکرێت دەست پێدەکاتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، وەزیری پەیوەندیدار دەتوانێت ماوەكەی درێژبکاتەوە لە دەرەوەی ئەو کاتانەی لەم ڕێنماییەدا ئاماژەی پێکراوە لە حاڵەتەکانی پێویستدا و بەپێی یاسا.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە بۆ 50 پلەی سەدی، پارێزگای زیقار سبەینێی كردە پشوو.