عادیلە….بە وشەی “آقراء” ڕووبەڕووی تاڵیبان دەوەستێتەوە



عادیلە، کە ناوی خوازراوی خانمێکی تەمەن 18 ساڵانی ئەفغانییە ڕایگەیاند، خواستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆی لە مەترسیدایە، دوای ئەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان ڕێگری لە کچان کرد بڕوانامەی خوێندنی باڵا بەدەستبهێنن.

 

ئەو خانمە، ئاماژەی بەوەکردووە، “کاتێک بەڕووی دەسەڵاتداراندا وەستاوم، هەستم بە هیچ ترسێک نەکرد، چونکە پێموایە داواکارییەکەم دادپەروەرانەیە”.

ئەو خانمە گەنجە، ترسی ئەوەی هەیە داهاتووی لەدەست بچێت، ناڕەزایەتییەکی نائاسایی بە تەنیا یەک وشەی ناو قورئان لە بەردەم زانکۆی کابول ئەنجامدا، کە گوزارشت بوو لە وشەی “اقراء”ی عەرەبی کە ئاماژەیە بە یەکەم گوزارشتی هاتنی سروش بۆ پێغەمبەری ئیسلام تا بخوێنێت.

 

عادیلە، لەبەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی زانکۆی کابول وەستابوو و تابلۆیەکی بەدەستەوە بوو کە وشەیەکی بە زمانی عەرەبی لەسەر نووسرابوو کە مانایەکی تایبەت و بەهێزی هەبوو.

 

عادیلە، لە لێدوانێکیدا بۆ (بی بی سی ئەفغانستان) وتویەتی: خودا مافی خوێندنی پێبەخشیوین، دەبێت لە خودا بترسین نەک تاڵیبان کە دەیانەوێت مافەکانمان لێ بسەننەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەزانم زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکەن، لێیان دەدەن و چەکیان بەرامبەر بەکاردەهێنن، بەڵام من لەبەردەمیان وەستاوم و ئێستاش دەوەستوم”.

 

عادیلە، دەڵێت؛ سەرەتا ناڕەزایەتی دەربڕینەکەیان بە جددی نەگرتم، دواتر یەکێک لە چەکدارەکان داوای لێکردم بڕۆم، من لەجێی خۆم وەستام، بەڵام وردە وردە ئەو لافیتەیەی کە هەڵمگرتبوو سەرنجی پاسەوانە چەکدارەکانی دەوروبەری ڕاکیشا و دەستمکرد بە قسەکردن لەگەڵ ئەندامێکی تاڵیبان.

 

ئەو دەڵێت: “پرسیارم لێکرد، ‘ناتوانیت ئەوەی نووسیومە بخوێنیتەوە؟’، کابرا هیچی نەوت، لێیم پرسی: ناتوانی قسەی خودا بخوێنیتەوە؟.

 

عادیلە دەڵێت: “لێم توڕە بوو و هەڕەشەی لێکردم”، لافیتەکە لێی ڕاکێشرام و دوای نزیکەی ١٥ خولەک لە ناڕەزایەتییە تەنیاکەم ناچارم کرد بڕوات.

 

لەکاتێکدا عادیلە ناڕەزایەتی دەربڕی، خوشکە گەورەکەی لەناو تاکسییەکدا دانیشتبوو و وێنەی دەگرت و ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکەی تۆمار دەکرد.

دوای کشانەوەی خێرای هێزە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا گەڕایەوە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان.

 

سەرەتا ڕێگریان لە کچان کرد بۆ خوێندنی ناوەندی، دواتر لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو ڕێگرییان لێکردن لە خوێندنی هەندێک بابەت و دواتریش، پێیان ڕاگەیاندن کە ناتوانن زانکۆکانی دەرەوەی ئەو پارێزگایانە هەڵبژێرن کە تێیدا دەژین تا دواجار لە 20ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢دا بەتەواوەتی چوونیان بۆ زانکۆ قەدەغە کرد.

 

لەو کاتەوە ژنان بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆ ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە قەدەغەکردنی خوێندن دەربڕی و بەشێک لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەوتراو و بەرزکرایەوە، بەکارهێنرا.

 

بەرپرسانی زانکۆی کابول کە ژنان سەرۆکایەتی چوار فاکەڵتی دەکەن، بە (بی بی سی)یان ڕاگەیاندووە، ئێستا ڕێگە بە مامۆستایانی ژنیش نادرێت بچنە ناو زانکۆوە.

 

ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر تاڵیبان بۆ ژنانی وەک عادیلە ئاسان نییە، ئەو دەیەوێت پیاوان ئازایەتی خۆیان هاوشانی ژنان نیشان بدەن، هەرچەندە باجەکەی قورسە.

 

پێشتریش پرۆفیسۆرێک لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا بڕوانامەکەی خوێندنی دڕاند بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خۆی پیشان بدات.

 

سەرچاوەکانیش بە (بی بی سی)یان ڕاگەیاندووە، زیاتر لە 50 مامۆستای زانکۆ وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕەتکردنەوەی خوێندنی کچان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

 

عادیلە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەفغانستان زۆر کەمن ئەو پیاوانەی لەگەڵ ئێمە بوەستن، لە ئێران پیاوان لەگەڵ خوشکەکانیان وەستاون و پشتگیری لە مافەکانی ژنان دەکەن، ئەگەر شان بە شانی یەکتر بوەستین بۆ مافی خوێندن، لە سەدا سەد سەردەکەوین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نامانەوێت بگەڕێینەوە سەردەمی تاریکی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، ئێستا لە ژنانی ئەو سەردەمە ئازاترین، چونکە خوێندەوارین و دەزانین مافەکانمان چییە.

 

ئێستا فشاری دەرەکی لەسەر تاڵیبان هەیە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ ڕێگریکردن لە کچان و ژنان لە خوێندن ” پاشەکشەی گەشەسەندنە لە بنەمای مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان”.

 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش لە زاری نەدا محەمەد نەدیم وەزیری پەروەردەی ئەفغانستانەوە بڵاویکردەوە: بڕیارەکان پێچەوانە نابنەوە، “تەنانەت ئەگەر بۆمبی ئەتۆمیش بەسەر ئێمەدا بخەنە خوارەوە”.

لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، ٣هەزار و ٨٠٠ کەس لە سووریا کوژراون
پێت لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، ٣هەزار و ٨٠٠ کەس لە سووریا کوژراون
پێشتر، ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە چ مانگێکدا ئەنجامدراون؟
دوات پێشتر، ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە چ مانگێکدا ئەنجامدراون؟
پەیوەنیدر