بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم جەختدەكاتەوە، كە حاجییانی هەرێم سەلامەتن و دوو سبەی دەگەڕێنەوە، هاوكات لێپرسراوی حاجییانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دەڵێت: تا ئێستا حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ناو خاکی سعودیەن و سەلامەتن.
كاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی دوو شەممە حاجییانی كوردستان دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان و هیچ پاسێكی حاجییان تووشی ڕووداوی هاتووچۆ نەبووە.
وتیشی، “حاجیانی كوردستان بەڕێگەی وشكانی لە شاری مەدینەوە دەرچوون بۆ گەڕانەوە بەرەو كوردستان.
لای خۆشیەوە، ئارام شێخ جەمال، لێپرسراوی حاجیانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ (خەڵك) وتی، “تا ئێستا حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ناو خاکی سعودیەن و سوپاس بۆ خوا سەلامەتن، مەگەر کەسێک بە ئۆتۆمبێلی تایبەت گەڕابێتەوە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی و ئۆتۆمبێلی گرتبێت گەیشتبێتەوە عێراق”.
سەبارەت بە ڕووداوی هاتووچۆ و گیانلەدەستدانی حاجییان وتیشی، “وابزانم ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی هاووڵاتیانە و خۆیان گەڕاونەتەوە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان و قسەمان لەگەڵ نەخۆشخانەی ڕومادی كردووە و وەڵاممان دەدەنەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ ئەوقافی هەرێم بڵاویكردەوە، كە پاسێكی حاجییان لەڕێگەی مەككە بۆ مەدینە تایەی تەقیوە و حاجییان سەلامەتن و بە پاسێكی یەدەگ گوازراونەتەوە، هاوكات ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی حاجییان لەكاتی گەڕانەوەیان لە ڕومادی وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە 4 حاجی خەڵكی سنووری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.