لە دهۆک زۆرترین و لە هەولێر کەمترین ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایەن سایلۆکانەوە تۆماركراوە و وەزارەتی بازرگانی عێراقیش دەڵێت: لە ماوەی 24 كاتژمێردا پارەی گەنمی جوتیاران خەرج دەكرێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی هەرێم، لە هەولێر بڕی 55 هەزار تەن و سلێمانی 56 هەزار تەن و دهۆك 58 هەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.
لای خۆشیەوە، موحسین نامس، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەپێی رێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بازرگانی، لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەی وەزارەت ئامادەیکردووە لەگەڵ ئەو ئاسانکارییانەی ئەنجامدراوە، لە ماوەی 24 کاتژمێردا و دوای گەیاندنی بەرهەمەکانیان بە سایلۆکان، شایستە داراییەکانی جوتیاران خەرجدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی وەرگرتنی بەرهەمی جوتیارەکان، بڕوانامەیەکیان لە تاقیگەوە بۆ ئامادە دەکرێت و ئەو بڕوانامەیە دەنێردرێت بۆ یەکەی ژمێریاری ئەو شوێنەی گەنمەکەیان لێ ڕادەستکردووە، دواتر ڕاستەوخۆ بەپێی ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن وەزارتی داراییەوە تەرخانکراوە بۆیان خەرجدەکرێت.