ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەربە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، كارئاسانی دەكەن بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنانی بەلەمە تێكشكاوەكەی ئیتاڵیا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بەداخەوە دوێنێ ھەواڵی تێکشكانی یەختێکی کۆچبەرانمان پێگەیشت کە قوربانی کۆچی نایاسایین، لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لەکەسوکاری قوربانیان دەکەین و ھیوای سەلامەتی بۆ ڕزگارکراوان دەخوازین.”
ڕاشیگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تەواوی ھاوکاری و کارئاسانی پێشکەش دەکەن بۆ ھێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنان.”
هەروەها داواشی لە کەسوکاری قوربانیان كردووە کە پەیوەندی بەو ژمارەیەی خوارەوە بکەن لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی کاری پێویست ئەنجام بدەن لە ھێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و داواشی لەڕزگاربووان كرد کە پەیوەندییان پێوەبکەن بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر ونبووان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنانی ڕووداوەکە.
ژمارەكە:
009647508035680