دەزگای ئاسایسی نیشتمانی عيراق ڕایدەگەیەنێت، لە سەر دۆسیەی قاچاخچێتی نەوت تائێستا ٩٤كەسی تێوەگلاو دەستگیركراون، كە ئەفسەری باڵا و بازرگانیان تێدایە،كە ئەو بیرەی نەوتەكەیان تیادا دەرهێناوە بە دووری پێنج كیلۆمەتر لەسەر رێگەی بەیەكەوە بەستنەوەی پارێزگاری میسان و بەسرە دوور بووە.
دەزگای ئاسایسی نیشتمانی عيراق راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كە هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوتی باكوور و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوتی ناوەندی و بەڕێوەبەری بەشی كارگێڕی و بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵەكانی باكوور و بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندن لەنێو ئەو ئەفسەرانەن كە دەستگیركراون.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە ئێوارەی رۆژی شەممە پڕۆسەی قاچاغچێتی بە سێ قۆناغ ئەنجامدراوە، لە رێگەی ئەفسەرانی پەیوەندیدار (نوێنەر و قاچاخچییەكان) دەستیپێكردووە و ئەركی ئەفسەر و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش بریتی بووە لە دڵنیابوون لە پاراستن بۆ قاچاغچییەكان لەكاتی دەرهێنانی نەوتی خاو و هەروەها دەستەبەركردنی جووڵەی تانكەكان.
ئاشكراشیكردووە، كە ئەو بیرەی نەوتەكەیان تیادا دەرهێناوە بە دووری پێنج كیلۆمەتر لەسەر رێگەی بەیەكەوە بەستنەوەی پارێزگاری میسان و بەسرە هەڵكەوتووە و پڕۆسەی بەقاچاغبردنەكە تەنها لە شەودا ئەنجامدراوە و شەوانە لە نێوان ٢٠بۆ ٣٠تانكەر نەوت دەرهێنراوە.