دیوی شاراوەی کارەساتەکەی ڕێگەی هەولێر-گوێر



خالد سلێمان

زۆربەی زایارییەکان دەربارەی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگەی گوێر (ڕێگەی هەولێر-گوێر) پەیوەستن بە زیانە ماددیەکانەوەو کە وا مەزەندە دەکرێت پێنج ملیۆن دۆلار بێت. بە حوکمی ئەوەی کۆگا نایاسیایەکانی نەوت و بەرومەکانی پارێزگای هەولێرو دەروبەری لەژێر ڕکێفی پارتی دیموکراتی کوردستاندان، جگە لە کەناڵی ڕوداو، ڕۆمالی کەناڵەکانی تر زۆر شەرمنانەیە ڕۆماڵی ڕوداوەکەیان کرد. هەندێکیان تەنها باس لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەکەن، وەک ئەوەی دوای کوژاندنەوە، ئیتر هەمو شتێک نۆرماڵ بێت. تەنانەت هەندێ پلاتفۆرم و کەناڵی میدیا بەلای ڕوداوەکەدا ناڕۆن و باسی ناکەن، وەک ئەوەی هیچ ڕوی نەدابێت، لە کاتێکدا ئەگەر ڕوداوەکە لە سلێمانی بوایە، ئەوا لەبری مانشێتێک دەبوە سەرچاوەی دەیان مانشێتی هەواڵ.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کەناڵی ڕوداو بڵاوی کردونەتەوە، ئاگرەکە دەوروبەری کاژێر 20:30ی شەوی چوارشەممە (12-6-2024) کەوتوەتەوە، جگە لە سێ کۆگەیەی قیری شل، نزیکەی 50 بۆ 60 تانکەری گەورەی نەفتا سووتاون.
کەناڵەکە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی بازرگانێک کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوەو ناوی سەرباز کەریم-ە، باسی 200 پاڵاوگەو کۆگەی دامەزراوە لەسەر رێگەی هەولێر-گوێڕ دەکای کە یەکێک لە بەرهەمەکانیان گازوایلە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرباز کەریم، ئەم پاڵاوگانە نایاسایین، مەرجەکانی تەندروستییان تێدا نییە و رێکارەکانی رێگری لە کەوتنەوەی ئاگریان تێدا نەگیراوەتەوە بەر”

یەکێکی تر بەرهەمەکانی ئەم پاڵاوگەو کۆگەکانە، مادەی فلۆرین کە لە ژێر زەویدا بە پلێت عەمباری بۆ دروست دەکرێت و هەروەها سیستمی بارکردن و بەتاڵکردنی سووتەمەنیان بۆ دانراوە. فلۆرین یان فلۆرانتێن مادەیەکی بۆندارەو لە نەفتالیندا هەیە، کە ئەمیش لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەی پیشەسازی زۆرە، وەک پیشەسازی پلاستیک، زۆربۆنی لەهەوادا زیانێکی زۆری هەیەو دەبێتە هۆی تێکدانی خڕۆکە سورەکانی خوێن و شێرپەنجەو چەندەها نەخۆشی تر.

پرسیارەکان
ئەگەر هەژارو بێ دەرەتانێک لە شوێنێکدا ژورێک بۆ خێزانەکەی بە نایاسایی دروست بکات، دوای کاتژمێرێک ژوورەکەی بەسەردا دەڕوخێنرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەکرێتەوە. ئەی خێرە 200 پاڵاوگەو کۆگەی بەرهەمەکانی نەوت بەشێوەی قاچاخ و نایاسایی لە دەروبەری پایتەختی هەرێمدا هەبن؟ ئایا کەس دەتوانێت بەبێ مۆڵەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم پاڵاوگە نایاساییانە دابمەزرێنێت؟ ئەگەر وانیە، ئەی ئەو بازرگانانە کێن دەسەڵاتیان لەسەروی دەسەڵاتی پارتییەوە بێت و ببنە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی و تەندروستی بۆ دانیشتوانی هەولێرو ناوچەکە؟ بەرپرسانی حکومی و حزبیی، خۆیان لەم پرسیارانە دەدزنەوە، بەڵام ناتوانن لە بەردەم دەرەنجامە کارەساتبارەکاندا خۆیان بشارنەوە، بەتایبەتی لەبەردەم چەند بوارێکدا کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیان و تەندروستی خەڵک و خاک و ئاوەوە، هەروەها هەمە-جۆریی:

یەکەم: 15 تا 17 تەن مادەی فلۆرین لەیەک کۆگەدا سوتاوە، ئەمە سوتانەش ڕێژەی زۆری لە دوکەڵ و گازی ژەهراوی خستوەتە کەشوهەوای هەولێرەوە. بەگوێرەی ئاژانسی ئەمریکیی بۆ پاراستنی ژینگە، ئەم مادەیە یەکێکە لەو مادە پیسکەرانەی کە کاریگەری زیانبەخشی بۆ سەر تەندروستی هەیە، چونکە گەردیلەکانی زوو بەناو هەوادا پەرش و بڵاودەبنەوە. دەچنە ناو هەناسەوەو هەروەها لەڕێگەی دەرزیئاژنەوە دەخزێنە ناو پێستی مرۆڤ و گیانەوەرەکانەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجەش، فلۆرین یان فلۆراتێن یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەش.

دووەم: وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، ئەم پاڵاوگانە جگە لەوەی نایاسایین، مەرجەکانی تەندروستییان تێدا نییەو رێکارەکانی رێگری لە کەوتنەوەی ئاگریان تێدا نەگیراوەتەوە بەر. کەوابێت هیچ گرەنتیەک نیە بۆ ئەو چاڵاوگانەی بۆ هەڵگرتنی فلۆرین لەژێر زەویدا هەن. لەپاڵ نەبونی هیچ مەرجێکی تەندروستی و ژینگەییدا، ئەم مادە شلە زیانبەخشە دەچۆڕێتە ژێر زەوییەوەو دەبێتە هۆی پیسکردنی گرنگترین سەرچاوەی سروشتیی ئەویش ئاوی ژێر زەوییە.

سێیەم: ئەو کۆگەیەی کە بەتەواوەتی سوتاوە رووبەرەکەی نزیکەی 25 دۆنمە، ژمارەکانیش دەڵێن 200 پاڵاوگەو کۆگە هەیە. ئەگەر لێکدانەوەی ماتماتیکی بۆ بکەین و هەر کارگەیەک 25 دۆنمی بۆ تەرخان بکەین، یانی 5000 هەزار دۆنم شوێنی ئەو پاڵاوگەو کۆگانەیە. کەواتە ڕوبەرێکی ئاوەها فراوان لەدەرەوەی یاساو دوور لەهەر مەرجێکی سەلامەتیی، تەندروستی و ژینگەیی بونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی گشتی و پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی.

سبەینێ ئەرک و واجباتی حاجیان دەستپێدەکات
پێت سبەینێ ئەرک و واجباتی حاجیان دەستپێدەکات
سبەی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی پێشمەرگە و ناوخۆ دابەشدەکرێت
دوات سبەی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی پێشمەرگە و ناوخۆ دابەشدەکرێت
پەیوەنیدر