سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، تێكەڵكردنی مووچە و ژیانی خەڵك بە ناكۆكییە سیاسییەكان كارێكی نابەجێیە و بەهەمووشێوەیەك دژی وەستاوینەتەوە، بەخۆشحاڵییەوە لەم هەنگاوەدا سەركەوتووبووین. بۆ ئەمەش سوپاسی دۆستەكانمان دەكەین كە هاوكار و پشتیوانمان بوون.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق کۆبووەوە، پرسی هەڵبژاردن و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.
هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو بەربەستانەی لەبەردەم پرۆسەكە دروستدەكرێن، ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتی نایەوێت بەشێكبێت لەو ململانێ سیاسییە ناڕەوایەی تێیدا ژیانی خەڵك دەبێتە قوربانی و دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەوڵی ئێمە لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد، هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروست و دادپەروەرە.
لەبارەی هەنگاوەكانی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دەستەبەركردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵك، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، تێكەڵكردنی مووچە و ژیانی خەڵك بە ناكۆكییە سیاسییەكان كارێكی نابەجێیە و بەهەمووشێوەیەك دژی وەستاوینەتەوە، بەخۆشحاڵییەوە لەم هەنگاوەدا سەركەوتووبووین. بۆ ئەمەش سوپاسی دۆستەكانمان دەكەین كە هاوكار و پشتیوانمان بوون.