ڕێكارەكانی ئامادەكردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق بەرەو كۆتایی دەڕۆن لەلایەن وەزارەتی داراییەوە و تەنها ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم ماوە و تیایدا نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار دینار جێگیر كرا و بانكی ناوەندیش بڕیاریدا ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیان بە ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ دینار بیفرۆشێت.
بانكی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، فرۆشتنی دۆلاریان لە بانكەكان دوو هێندە كردووە بەمەبەستی گەڕانەوەی دۆلار بۆ بەهای ئاسایی خۆی بەرامبەر بەدینار و رێوشوێنی پێویستیش دەگرنەبەر بەرامبەر ئەو كەس و لایەنانەی هەوڵی قۆرخكاری دەدەن.
ئەمڕۆ مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندی سەردانێكی مەیدانی بۆ ژمارەیەك بانك ئەنجامدا، كە دەستیان بە فرۆشتنی دراوی بیانی كردووە و داوای لە بەڕێوەبەرایەتی بانكەكان كرد، كە ئاسانكاری بۆ ڕێكارەكانی فرۆشتنی دراوی بیانی بكەن بەو هاووڵاتیانەی ئارەزووی بەدەستهێنانی دەكەن بۆ گەشت و چارەسەر و مەبەستی دیكە.
ڕاشیگەیاندووە، هاوشان لەگەڵ زیادكردنی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی دۆلار بە هاووڵاتیان، بڕی ئەو دۆلارەی هەفتانە بۆ بانكەكان تەرخان كراوە زیاد دەكەن.
جەختیشی كردۆتەوە، رێوشوێنی پێویستیش بەرامبەر ئەو كەس و لایەنانە دەگرنەبەر كە قۆرخكاری بازاڕ دەكەن و نرخ لەسەر هاوڵاتیان بەرزدەكەنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دینار گەیشتە بەرزترین ئاست و ١٦٠ هەزار دیناری تۆماركرد، بەڵام بەهۆی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی نرخەكەی دابەزییەوە و ئێستا بە ١٥٢ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.