بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆماندۆی كوردستان، لە بارەگای هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە مەڕاسیمێكدا، کە پێشمەرگە و تێكۆشەر عومەر عوسمان، باوكی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ موقەدەم دیار عومەر، وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.
بافڵ تاڵەبانی لە مەڕاسیمەکەدا یادەوەرییەکی فەرماندە ئاكام-ی وەبیرهێنایەوە و وتی، “شەهید ئاکام پێیگوتم ئەوەی دوای من دێت، زۆر بەهێزتر و ماندوونەناسانەتر پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکات، توندتر بەگژ گەندەڵیدا دەچێتەوە و پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا دەکات”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی موقەدەم دیار عومەری ڕاسپارد، “وەک هەمیشە و بەهەمان ڕۆحییەتی شەهید ئاکامەوە پارێزەری خاکی کوردستان بن، کۆماندۆی کوردستان ئەمانەتی فەرماندە ئاکامە و دەبێت هەمووتان هاوشێوەی ئەو سەرڕاست و ئەمەکداربن بۆ یەکێتی و کوردستان”.
لای خۆشیەوە، باوكی شەهید ئاكام عومەر باسی لەوەكرد، کۆماندۆی کوردستان بەخوێنی ئاکام و پۆلێک شەهیدی کۆماندۆی کوردستان دروستبووە و قوربانیی زۆری لەپێناودا دراوە، دڵنیام ئێوەش بەو رێگەیەدا دەڕۆن و پارێزگاری لەو هێزە دەکەن کە خۆشەویستی هەموومانە.
فەرماندە دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی کوردستان سوپاسی متمانەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد بۆ راسپاردنی بۆ ئەو ئەركە گرنگە و ڕاشیگەیاند، پێشتر لەگەڵ شەهید ئاکام و کوڕانی کۆماندۆ بەڵێنمان بە خوا و نیشتمان داوە، کە ئێمە کوڕە دڵسۆز و بەئەمەکەکانی کوردستان بین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە وەک هەمیشە و بە پشتیوانیی سەرۆک بافڵ، درێژەپێدەری رێبازی یەکێتی و شەهیدان دەبین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا دەبین.