ژمارەیەك پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەسەر خێزانە ھەژار و كەمدەرامەتەكان و گرانی بازاڕ واژۆ بۆ زیادكردنی ماددەكانی بەشەخۆراك كۆدەكەنەوە.
ئەحمەد شرمانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق یاداشتێكی بە واژۆی ژمارەیەك پەرلەمانتار ئاراستەی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان كردووە و ڕایگەیاندووە، “دابەزینی بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلار بۆتە مایەی زیانگەیاندنی ڕاستەوخۆ بە ژیانی ئەو خێزانانەی داھاتیان سنووردارە”.
ئەو پەرلەمانتارانە داوا دەكەن، “بە پشتیوانیكردنی كۆبۆنی خۆراك بارگرانییەكانی سەر ژیانی ئەو توێژە ستەملێكراوە سووك بكرێت، ئەوەش بە زیادكردن و باشكردنی ماددە خۆراكییەكان و پابەندبوون بە دابەشكردنی ١٢ سەبەتەی خۆراكی لە ساڵێكدا”.
جەختیشیان كردۆتەوە، دەبێت لیژنەیەكی پەرلەمانی سەرپەرشتی و چاودێری سەرجەم قۆناغەكانی گرێبەست و گواستنەوە و دابینكردنی سەرجەم ماددە خۆراكییەكان بكات و تەواوی ئەو بڕە پارەیەش ئاشكرا بكرێت، كە بۆ ماددەكانی كۆبۆنی خۆراك تەرخان دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادكردنی (چا و شیر و ئاردی سفر) بۆ ماددەكانی بەشەخۆراك و هەروەها زیادكردنی شەكر و زەیت لەپاڵ ماددەكانی دیكەی بەشەخۆراك.