بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێكی شێ و نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و باران و بەفر دەبارێت و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “لەسەرەتای هەفتەدا وشكە سەرما ناوچەكەمان دەگرێتەوە”.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەکاتەکانی سبەی ئێوارەوە خێرادی با لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین بەتایبەت ناوچە شاخاودیەکان بەشێوەی وشکە سەرما لە باکوری ڕۆژھەڵاتەوە ناوبەناو بەخێرایی ١٥ تا ٣٠کم/ كاتژمێر چالاک ئەبێت و تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەلمە ٣-١-٢٠٢٣ بەردەوامی ئەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ئەكوا وێزەر)ی جیهانی تایبەت بە كەشوهەوا، ڕۆژی چوار شەممە ٤-١-٢٠٢٣ لە هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و كەركووك، ئاسمان لە كاتەكانی بەیانیدا لە ساماڵەوە بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو دەگۆڕێت، پاشان لە كاتەكانی نیوەڕۆدا بارانبارین دەست پێدەكات، ئەگەری بارانبارینی بەلێزمەش لە سلێمانی و هەڵەبجە هەیە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، شەپۆلە بارانبارینەكەی ئەمجارە تا كاتەكانی ئێوارەی ڕۆژی هەینیی داهاتوو ٦-١-٢٠٢٣ بە شێوەی پچڕ پچڕ و لە ناوچەی جیا جیادا بەردەوام دەبێت.
لای خۆشەوە، محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “بەپێی لێکدانەوەکان بێت لەدوای هەفتەی یەکەمی (مانگی ١) بەفر و سەرما و باران دەست پێدەکات و بەفربارین دادەبەزێتە ئاستی سەنتەری شارەکان”.
وتیشی، “بەپێی پێشبینەکان بێت مانگی یەک ئاستی باران نۆرماڵە و باشە دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەكان”.