وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پرۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆکی ڕاگەیاند
لە بڵاوکراوەیەکدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات، پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆکدا کراوە و جێبەجێ دەکرێت.
پێشتر فەرمانگەی میدیاو زانیاری لەزاری عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک بڵاویکردبووەوە، نەخشەسازیی كۆنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆك، كە پێشتر دانرابوو، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، گۆڕانكاری تێدا كراوە و نەخشەیەكی نوێی بۆ دانراوە. ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی كردەیی پرۆژەكە، كار لەسەر ئەو نەخشەسازییە دەكات.”
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە دوو قۆناغ رۆژەکە جێبەجێ دەکات، ئێستا کاری نەخشەسازی و پێداچوونەوە بە پرۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆك تەواو بووە و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەولەتی دهۆک لەسەر ڕووبەری هەزار هێكتار زەوی، بە گوژمەی 12 ملیۆن و 832 هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت.”
پرۆژەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆك، بە هۆی قەیرانی داراییەوە لەڕابردوودا كارەكانی وەستا، بەڵام لە مانگی ئەیلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی پرۆژەكەی كرد و ڕایگەیاند: “پێویستە دەست بە كاركردن لەو پرۆژەیەدا بكرێتەوە.”
پارێزگای دهۆك یەكێكە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەیەكی گرنگی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی توركیا و سوریایە، كە جووڵەی بازرگانیی و زیادبوونی بەردەوامی دانیشتووانی هەیە. بە تەواوبوونی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆك، گەشەیەكی زیاتری بازرگانی بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات دەبێتە سێهەمین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، لەدوای فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە.