وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پرۆژەی تاکسی مەتر-ی ڕاگەیاند و دەلێت ئەم پرۆژەیە سوودی خاوەن تاکسییەکان و هاووڵاتییانی تێدایە.
لە بڵاوکراوەیەکدا وەزارەتی گوستنەوەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە ئامانجی رێکخستنی زیاتری کاری تاکسی و نرخی گواستنەوە پرۆژەی تاکسی مەتر جێبەجێدەکرێت، لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خاوەن تاکسی و هاووڵاتییاندا.
ئەم سیستمە لە ئێستادا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و دەوروبەر پەیڕەو دەکرێت، کە بریتییە لە “سیستمی دادپەروەرانەی کرێی گواستنەوە”، بەجۆرێک کاردەکات بری تێچووی گواستنەوەی سەرنشینێک بەپێی ئەو ڕێگایەیە کە دەیبڕێت.
پێشتر ڕێباز محمەمەد خەلیل ڕایگەیاندبوو، بابەتی تاکسی مەتر لە گفتوگۆدایە و چەند هەنگاوێکی کەمی ماوە بۆ جێبەجێکردنی، هاوکات دڵنیایشی دایە شۆفێران کە زەرەرمەند نابن لەو سیستمە، و بەپێی گۆڕانی نرخی بەنزین میکانیزمی گونجاو دانراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 70 هەزار تاکسی هەن، ئەم تاکسییانە پێشتر لە پرۆژەی لەزگە و لۆگۆ تۆمارکراون و پێدەچێت هەر بەهەمان شێواز شۆفێرانی تاکسی پابەندبکرێن بە بەستنی پێوەر لە ئۆتۆمبێلەکانیان.