قوباد تاڵەبانی: تورکیا دوو هێندەی سلێمانی زیان لە قەدەغەکردنی گەشتەکان دەکات



جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تورکیا دوو هێندەی سلێمانی زیان لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سلێمانی و بڕیارەکەشی بە “هەڵە” وەسفکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی بڕیاری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سلێمانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، ئەوە بڕیارێکی هەڵەیە، چونکە لەخۆڕا سزای چەند ملیۆن کەسێک دەدرێت.

قوباد تاڵەبانی ڕوونیشیکردەوە، ئەوانەی لە سلێمانییەوە گەشتییان بۆ تورکیا دەکرد بەمەبەستی گەشتوگوزار و بازرگانی و وەبەرهێنان سەردانیان دەکرد، بۆیە “ڕەنگە تورکیا دوو هێندەی خەڵکی سلێمانی زەرەر بکات” لە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو کە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە بەردەوام دەبن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کرد و ڕایگەیاند، لیستمان ئامادە کردووە و ڕێککەوتووین لیستی مووچەی پێشمەرگە بنێردرێت، ئەگەر ئەمڕۆ لیستەکە نەگات، سبەینێ دەگات.

وتیشی: “پێموایە ئەو بەربەستەی هەبووە لە پرسی مووچەی هێزە سەربازییەکانمان چارەسەر بووە و ئەوەشمان لە کۆڵ دەبێتەوە”.

قوباد تاڵەبانی گەشبینی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند، “گەشبینم کە هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە، خەریکە کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و دڵنیام لە ئایندەیەکی نزیکیشیدا کێشەی نەوت چارەسەر دەبێت”.

بانکی ڕەشید بەڵێن بە فەرمانبەرانی حکومەت دەدات
پێت بانکی ڕەشید بەڵێن بە فەرمانبەرانی حکومەت دەدات
پارتی دوا بڕیاری دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا
دوات پارتی دوا بڕیاری دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا
پەیوەندیدار