جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن کەرتی کشتوکاڵ پێشبخەن، بە تایبەتیش پلانیان هەیە لە ڕێگەی برەودان بە کەرتی پیشەسازیی خۆراکەوە بەرهەمی جوتیاران بە شێوەیەکی باشتر لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا ساغ بکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینی کرد و بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بەردی بناغەی کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی قەمتەرانی دانا.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “پڕۆژەی کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی قەمتەران، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵییە لە دەڤەری ڕاپەڕین و بەرهەمی گەنمەشامی جوتیارانی دەڤەرەکە وەردەگرێت بۆ وشککردنەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە ناوچەکەدا”.
بڕیارە پڕۆژەکە لە ماوەی نۆ مانگدا تەواوبکرێت و ژمارەیەک هەلی کار بۆ گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین دەڕەخسێنێت و، لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێکدا 80 تۆن گەنمەشامی وشکبکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی، لە دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی ناوچەکە کۆبووەوە، پاش گوێگرتن لە داواکارییەکانیان، پشتگیری تەواوی خۆی و حکومەتی هەرێمی بۆ جوتیاران دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئەولەوییەتی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێک دەدەن بە پشتبەستن بە توانای جوتیاران، کەرتی کشتوکاڵ پێشبخەن، بە تایبەتیش پلانیان هەیە لە ڕێگەی برەودان بە کەرتی پیشەسازیی خۆراکەوە بەرهەمی جوتیاران بە شێوەیەکی باشتر لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا ساغ بکەنەوە.