ئەندامێکی هاوپەیمانی نەسر، كە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ڕایدەگەیەنێت هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی نییە سیستمی بەرگری ئاسمانی بە بەبێ حكومەتی ناوەند بکڕێت، بەو پێیەی هەرێم لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدایە.
عەقیل ئەلرودەینی، ئەندامی هاوپەیمانی نەسر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەكرد، هەموو بابەتە دەرەکییەکان لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە، کڕینی ئەم سیستەمەش، كە بەرگری ئاسمانییە لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بابەتە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێ ئاگا نابێت و دەبێت حکومەتی هەرێم ئاگادار بکرێتەوە لەوەی دەسەڵاتەکانی تێپەڕ نەکات و وتیشی، “هەرێم هێشتا لە حکومەتی فیدڕاڵی یاخییە”.
ڕوونیشی کردەوە، “ئەگەر ئەم سیستەمە لەلایەن هەرێمەوە بەدەست بهێنرێت، ئەوا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و زایۆنیستی لەوێ دەپارێزێت و چاو لە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا کوێر دەکات”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تریفە عەزیز، نوێنەری هەرێم لە ئەمریکا دانی بەوەداناوە کە “هەرێم لە پڕۆسەی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانیدایە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق”.