مەسرور بارزانی: ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت



سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت.

سەرەڕای سنوورداری تواناکانی بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ساڵی رابردوودا، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی رێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین. ئەمە جیا لەوەی ساڵی رابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەوروپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو.

بەڵام بە داخەوە، لە ساڵی رابردوودا، رووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماریش بووینەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی ئارامیی و سەقامگیریی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و هیچ کاتێک مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەنێک. بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاری هەموو لایەک، درێژە بە پرۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین. بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانیی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و رێز لە سەروەری یاسا بگرین.

ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی.

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

زیاتر لە ٣٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەولێر كردووە
پێت زیاتر لە ٣٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەولێر كردووە
لە سلێمانی گەنجێك بە غازی سۆپا خنكا
دوات لە سلێمانی گەنجێك بە غازی سۆپا خنكا
پەیوەنیدر