ئەو چەکانەی ئەمریکا کە ئیسرائیل لە غەززە بەکاریهێناون



ئیسرائیل کە لە دادگای نێودەوڵەتی داد (دادگای لاهای) لەسەر ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە غەززە دادگایی کرا، سیستمەکانی چەکی تەکنەلۆژی بەرز و تەقەمەنی زیرەک بەکاردەهێنێت کە ئەمریکا بۆی دابین کردووە.

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، ئەمریکا پشتیوانی چەک بۆ ئیسرائیل دابین دەکات، لە ٤٥ ڕۆژی یەکەمدا ئەمریکا بە ٢٤٤ فڕۆکەی کارگۆ و ٢٠ کەشتی زیاتر لە ١٠ هەزار تۆن چەکی ڕەوانەی ئیسرائیل کردووە، ئەم پشتیوانییە زیاتر لە ١٥ هەزار بۆمب و ٥٠ هەزار گوللە تۆپی لەخۆدەگرت.

لە پاڵ ئەوەشدا بڕێکی ڕانەگەیەندراو چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکاوە گواستراوەتەوە بۆ ئەو کۆگایانەی لە ئیسرائیل بە یەدەگەکانی پشکی هاوپەیمانان لە جەنگ (WRSA-I) ناسراون. زانیاریش نییە لە بارەی ئەوەی کە لەو کۆگایانەوە چەندە چەک و تەقەمەنی گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ ئاداری ٢٠٢٤، زیاتر لە ١٠٠ ڕەزامەندی دراوە بۆ فرۆشتنی کەرەستەی سەربازیی بە ئیسرائیل، بەڵام لە ژێر چەتری شاراوەدا تەنیا دووانیان بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیاندراوە.

لە نێو ئەوانەشدا گەورەترین ڕێککەوتن لە سەرەتای مانگی نیساندا بە ئەنجام گەیشت کە بە بڕی ١٨ ملیار دۆلار فرۆشتنی فڕۆکەی F-15 و تەقەمەنی بوو، لەو پاکێجەدا ٥٠ فڕۆکەی نوێی F-15، ٣٠ مووشەکی ئاسمان بە ئاسمانی مەودا مامناوەندی پێشکەوتووی AIM-120 و کیتی چەکی هێرشی ڕاستەوخۆی هاوبەش (JDAM) کە بۆمبی نائاڕاستەکراو دەگۆڕێت بۆ چەکی ئاڕاستەکراوی ورد.

 

گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکاوە بەردەوامە

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا، ڕاگەیاندنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا فڕۆکەی F-35، هێلیکۆپتەری هێرشبەری ئاپاچی، درۆن و هەزاران گوللە تۆپ بە ئیسرائیل دەفرۆشێت.

لە کۆتایی مانگی ئاداردا، حکوومەتی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشاندا بە فرۆشتنی ٢٥ فڕۆکەی F-35 و بزوێنەری فڕۆکە، هەزار و ٨٠٠ بۆمبی MK-84 و ٥٠٠ بۆمبی MK-82 بە ئیسرائیل بەبڕی ٢،٥ ملیار دۆلار.

لە ٧ی ئایاردا، بانگەشەی ئەوە کرا کە حکوومەتەکەی جۆ بایدن لە ئەمریکا فرۆشتنی نزیکەی شەش هەزار و ٥٠٠ چەکی هێرشی ڕاستەوخۆی هاوبەش (JDAM) بە ئیسرائیل کە لە غەززە بەکاریهێناوە.

لە هەشتی ئایاردا، ڕاگەیاندنی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە بەهۆی نیگەرانییەکان لە بەکارهێنانیان لەو ناوچانەی دانیشتوانەکەی چڕە، ناردنی هەزار و ٨٠٠ بۆمبی ٩٠٠ کیلۆگرامی و هەزار و ٧٠٠ بۆمبی ٢٢٥ کیلۆگرامی بۆ ئیسرائیل ڕاگیراوە.

ئەمریکا و ئیسرائیل لە چواری حوزەیراندا ڕێککەوتنیان کرد لە بارەی فرۆشتنی ٢٥ فڕۆکەی F-35.

 

ئەو چەک و تەقەمەنییانەی ئەمریکا بەخشیویەتی بە هێزەکانی وشکانیی ئیسرائیل

چەکەکانی دەستی هێزەکانی وشکانیی، دەریایی و ئاسمانیی ئیسرائیل لە پاڵ بەرهەمە ناوخۆییەکاندا، لەلایەن ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فەڕەنساوە دابین دەکرێت، بەتایبەتی پلاتفۆڕمە ئاسمانییەکان و ئەو تەقەمەنیانەی تیایاندا بەکاردەهێندرێت بەشێکی زۆری ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت.

ئیسرائیل سەرەتا تانکەکانی دروستکراوی ئەمریکا وەک M4 “شێرمان”, M48 “پاتۆن” و M60 “سابرا” پەرەپێداو بەکاریهێنان، پاش ئەوەی دەستیکردن بە بەرهەمهێنانی تانکەکانی میرکاڤا کە دروستکراوی ناوخۆن، کڕینی تانکی لە وڵاتانی دیکەوە ڕاگرت.

– زرێپۆشی M113 گواستنەوەی سەرباز (ZPT)

لە پاش ئەمریکا، ئیسرائیل وڵاتێکە زۆرترین زرێپۆشی M113 ZPT بەکاردەهێنێت کە ژمارەیان زیاتر لە شەش هەزارە، بەڵام ئیسرائیل بەپێی هەلومەرجی خۆی مۆدێلی جیاواز بەکاردەهێنێت و ناوی عیبری لێناون.

ئیسرائیل ناوی “Bardelas” و “Nagmash” بۆ مۆدێلەکانی M113 بەکاردەهێنێت و، ناوی “Nagman” و “Kasman” بۆ زرێپۆشی “Zelda” و “Zelda 2” کە بۆ شەڕی شارەکان دیزانکراون بەکاردەهێنێت. ئیسرائیل لە ڕێگەی بەرنامەیەکی گۆڕینەوە کە لە ٢٠١٤دا دەستیپێکردووە، پلانی گۆڕینی M113کانی هەیە بۆ زرێپۆشی گواستنەوەی سەربازی “Namer” و “Eitan AFV”.

 

پێت دەست بەسەر قیمە و جگەری قەدەغەکراودا گیرا
ملیۆنێك و 200 هەزار کەس لە سعودیە فەریزەی حەج بەجێدەهێنن
دوات ملیۆنێك و 200 هەزار کەس لە سعودیە فەریزەی حەج بەجێدەهێنن
پەیوەندیدار