مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان هەموو كاتی خوازیاری ئەوەیە كێشە و گرفتەكانی لە ڕێگەی دیالۆگ و بە زمانی لەیەكتێگەیشتن و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری و نكۆڵیكاری چارەسەر بكرێن، لەئێستاشدا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی لەسەر بنەمای “هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان” هاتۆتە ئارا.
بەپێی پەیامێك كە لەلایەن مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی بڵاوكریایەوە”پیرۆزبایی لە هاوڵاتیان، كەسوكاری شەهیدان و هێزەكانی پێشمەرگە كردوە و ئەوەشی خستوەتەڕو، لەو بۆنەیەدا بە دەرفەتی دەزانێت جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكاتەوە، چونكە گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بوە بۆ چارەسەری كێشەكان”.
هەر لە پەیامەكەی مەسعود بارزانیدا هاتووە”لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەمو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون.”
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامەكەیدا داوای لە حكومڕانی عێراق كردووە بنەمای “هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان” پەیڕەو بكرێت و دەڵێت”چاوەڕوانن لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانی حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت”.