وەزارەتی بازرگانی عێراق دابەشكردنی دوو سەبەتەی خۆراكی ڕادەگەیەنێت، كە سەبەتەیەكی بەشەخۆراك بۆ كۆی گشتی هاووڵاتیانە و سەبەتەیەكیان زیادەیە دەدرێت بەو خێزانانەی لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی تۆماركراون.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر ڕاسپاردەی ئەسیر داود، وەزیری بازرگانی دەست دەكرێت بە دابەشكردنی سەبەتەیەكی دیكەی بەشەخۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا لە سەرجەم پارێزگاكان لە ئەمڕۆوە 5ی حوزەیران و هاوكات سەبەتەیەكی زیادەی بەشەخۆراكیش بەسەر ئەو خێزانانە دابەش دەكرێت، كە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
لای خۆشیەوە، لما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراك ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم ئامادەكارییە هونەری و كارگێڕییەكان تەواو كراون بۆ دابەشكردنی سەبەتەی بەشەخۆراك لە كۆگاكانەوە بۆ گەیشتنی بەدەست هاووڵاتیان، كە تۆمارن لە پسووڵەی خۆراكی بەپێی پلانی بەبازاڕكردن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داوا لە سەرجەم بریكارەكان دەكەین سەردانی ناوەندەكانی بڕینی چەك و لیست بكەن لە پارێزگاكان بۆ وەرگرتنی پشكی هاووڵاتیان لە سەبەتەی بەشەخۆراكی چوارەمی ئەمساڵ و سەبەتەی شەشەمی تتایبەت بە چاودێری كۆمەڵایەتی.
جەختیشی كردۆتەوە، لە ڕۆژانی پشووەكانیش بەردەوام دەبن لە دەوام بۆ ئەوەی بەزووترین كات بەشەخۆراك بگاتە دەستی هاووڵاتیان.