شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبوونەوە و ڕایگەیاند، خواستی حکومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو.
د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی کۆبونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە ٥ـی حوزەیرانی 2024، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.
ڕاشیگەیاندووە، باس لە دوایین پێشهاتەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بودجە و نەوت کرا، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.
ئاشكرای كردووە، نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوە و خواستی حکومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، بە جۆرێک کە ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت: باس لەو ئالنگاریانە کرا، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری دروستبوون، بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشودرێژی کۆمپانیاکان کرا و ئاماژەش بەوەدرا، بە پێکەوەیی مانەوە و کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیدان بە کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان بە پێویست زانرا لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.