وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکانی ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ سێ شەممە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هەڵسا بە ڕادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من، کە پێکهاتبوو لە کارتی بانکی (٣٦٨) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا بانکی ناوبراوییان هەڵبژاردبوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من و لە ماوەی هەفتەکانی رابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، تاکو بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان ڕادەستی فەرمانبەرانی خوازیار بکات.
دەشڵێت: هیوادارین سەرجەم مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن لەڕێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لەو حەوت بانکانەی کە لە ئێستادا لە پڕۆژەی هەژماری من ـدا بەردەستن.