نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێم ئاشكرای دەكات، لەدوای پەسەندکردنی خشتەی بوجەی 2024 هیچ ڕێگەچارەیەک بۆ دامەزراندنی وانەبێژان نەماوە جگە لە یەك ڕێگا و دەشڵێت: “تەنها سەرۆك وەزیرانی عێراق دەتوانێت پارە زیادبكات بۆ چارەسەركردنی پرسی دامەزراندنی وانەبێژان و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و بەهەمیشەیی كردنی گرێبەستەكان”.
عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ناو خشتەی بودجە بە هیچ جۆرێک ناوی مامۆستایانی وانەبێژی تێدانییە، هیچ بڕە پارەیەک دیارینەکراوە بۆ ئەو توێژە، بەهیچ جۆرێک پارەدارکردنی بۆ وانەبێژان و پلەبەرزکردنەوە و گرێبەستەکان تێدانییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ئەویش ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مامۆستایانی وانەبێژ، بە ناو و زانیارییەکانیان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی لەرێگەی خۆیەوە لە ڕێگەی تیمی دیوانی چاودێری عێراق وردبینی بکات، دوای ئەوە بنێردرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
ڕوونیشی كردەوە، لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە بەپێی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 کە دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران و خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پارە زیاد بکات بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکانی هەرێم.
نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێم جەختیشی كردەوە، ئەو هەنگاوەش بە ڕێکكەوتنی سیاسی، بەچوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەکرێت.