دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وردبینی کردن لە لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم كۆتایی هاتووە و بەرپرسێكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەڵێت: لیستەكە پەسەند كراوە و هیچ كێشەیەكی نەبووە و دراوەتە وەزارەتی دارایی بۆ خەرج كردنی مووچە.
دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی ئاگاداركردۆتەوە لە تەواو بوونی وردبینی لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم.
وەزارەتی دارایی هەرێم چاوەڕێی هاتنی ٣٥٢ ملیاری مووچەی مانگی ٤ بەشێكی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان دەکات، لەكاتێكدا عێراق دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 6ی خانەنشینان كردووە، بەڵام هێشتتا مووچەی مانگی 4 و 5ی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم و مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج نەكراوە.
د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، لەسەر داوای دیوانی چاودێریی فیدڕاڵ و بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، دووبارە وردبینیمان بۆ لیستی مووچەی مانگی 4ی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کردەوە و ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لیستەکەمان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ نارد.
وتوشیەتی، “لەگەڵ دیوانی چاودێریی فیدڕاڵ پەیوەندیمان کردووە و پێییان وتین، دوێنی وردبینییان تەواو کردووە و هیچ کێشەیەک نەبووە و پەسندیان کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی عێراقیان ناردووە”.