سەرکردەیەکی سیاسی تورکمان لە کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهاتەکانی کەرکووکی ئاگادار کردووەتەوە ئەگەر ڕێکنەکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە، خۆی دەستوەردان دەکات.
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “لایەنەکانی کەرکووک پابەند نابن بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و هیچ لایەنێک لە سەقفی داواکارییەکانی دانابەزێت، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگاداری کردووەنەتەوە خۆی دەستوەردان دەکات.”
وتیشی: “ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی پارێزگارێکی کاتی بۆ کەرکووک دابنێت، تا ئەوکاتەی پێکهاتەکان لەسەر پۆستی پارێزگار ڕێکدەکەون چارەسەرێکی گونجاوە و ئەم ئەگەرەش دوور نییە.”
نەجات حسێن راشیگەیاند، “دۆخی ئێستاو ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لە بەرژەوەندی پێکهاتەی عەرەبە چونکە پۆستی پارێزگاریان لایە، بەڵام ئەگەر سەرۆک وەزیران خۆی کەسێک وەکو پارێزگاری کاتی دابنێت، پێکهاتەکان ناچارن ڕێکبکەون.”
ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، هێشتا ئەنجومەنی پارێزگاکە کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوەو لایەنەکانیش لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ڕێکنەکەوتوون.
ڕۆژی 29ی ئایاریش محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری بۆ سێییەم جار لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە بێ ئەنجام کۆتایی هات.