کوردە بۆرە…



ئارام ڕەفعەت – مامۆستای زانکۆ

 

ئەگەر کوردە بۆرە بیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی کورددا بکات، دەبێت بزانێت حەوت پشتی دایک و باوکی کچە کێن و بەڕاست و چەپیشدا دەکەوێتە سۆراغی خانمە کورد نەکا ڕۆژێک لەڕۆژان قاچێکی خوار دانابێت.

هەمان کوردە بۆرە، بێ پرسیار و وەڵام لەگەڵ ژنە عارەبدا هاوسەرگیریدەکات و تەققەی سەریشی نایەت ئەگەر ئەو ژنە پێشتر حەوت دەنکی هەبووبێت و ئایا ئەو مێردی یەکەمی ژنەکەیە یان حەڤدەهەم.

ئەگەر کوردە بۆرە دوو دراوسێی هەبێت کە لە گوندەوە هاتبنە شار و پابەندی دابونەریتی کوردەواری بن، کێچ دەچێتە کەوڵییەوە لەملاو لەولا گلەیی و گازندەدەکات و دەڵێت لادێیی شارییان تێکداوە و خەریکە دەچنە چاومانەوە.

بەڵام هەر ئەو کوردە بۆرەیە بەخەیاڵیشی دانایەت، ئەگەر حەوت دراوسێی ئەملا و ئەولای عارەبی تەعریب بن تەنانەت ئەگەر ماڵە عاڕەب شەروگی و کاولی و بەدەویش بن و کۆڵانەیان پڕدەکرد لە دەگ و ڕەقس و نێرگەلە. کوردە بۆرە هەر زۆريش مەمنوونە ئەگەر ئەبوو ئوسامە یان ئەبوو سەددام صەباحولخەیر یان مەسائولخەیرێکی لێبکات.

ئەگەر کوردە بۆرە بەشێوە زاری هەورامی یان بادینی یان فەیلی پرسیارێکی لێبکرێت، یەکسەر خۆی لێدەبێتە فەڕەنسی و لە بن لیچەوە وای نیشاندەدات کە هیچ لەو شێوەزارە نازانێت و هیچیشی لێتێناگات و دەبێت کابرا ناچاربێت بەزمانی کوردە بۆرە قسەبکات.

هەمان کوردە بۆرە ئەگەر عاڕەبێک پرسیارێکی لێبکات، خۆی ناچاردەکات بە زمانی عارەبی قسەبکات و بە عارەبییەکی شەقوشڕ خۆی دەکاتە مەزەی کاورای عارەب و هەست بەشانازیش دەکات کە دوو نیوە ڕستەی تێکشکاو لەگەڵ عارەبێکدا قسەیکردووە.

ئەگەر کوردە بۆرە باسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بۆ بکرێت، یان لێتدەبێتە چەپێکی ئینتەرناسیونال و ترۆتسکی ئاسا باسی کۆتایی دەوڵەت و سڕینەوەی سنوورەکانت بۆ دەکات، یان لێت دەبێتە ئیخوانییەک و سەید قوتب ئاسا دەوڵەتت بۆ دەخاتە خانەی کوفرەوە و باسی گەڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و یەکخستنەوەی هەموو ئوممەتت بۆ دەکات.

خۆ ئەگەر باسی دەوڵەتی فەلەستینی بۆ هەمان کوردە بۆرە بکەیت، کاورا ئینتەرناسیونالیستەکەت لێ دەبێتە هیتلەر و حەزدەکات ئەوەندە جووەی ماویشن بیانخاتە مەحرەقەوە و ئیخوانەکەشت لێدەبێتە ئیمامی عەلی و هوتافی خەیبەر خەیبەر یا یەهودت بۆ دەڵێت.

باسی کوردە بۆرەیە و هی ئەو کوردە شکۆمەندانە نییە کە کەسایەتییان تێکنەشکاوە و ئەقڵییان داگیرنەکراوە.

 

“لایەنەکانی کەرکووک ڕێکنەکەون، سودانی کەسێک بۆ پارێزگار دەستنیشان دەکات”
پێت “لایەنەکانی کەرکووک ڕێکنەکەون، سودانی کەسێک بۆ پارێزگار دەستنیشان دەکات”
ماڵێک لە سنووری کۆیە سووتا
دوات ماڵێک لە سنووری کۆیە سووتا
پەیوەندیدار