پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەو گەنجەی دوێنێ پێنجشەممە بەهۆی دەستکاریکردنی دەمانچەوە بریندارببوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،”ئەو گەنجەی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە بەهۆی دەستکاریکردنی دەمانچەیەکەوە لە چایخانەکەی خۆیدا گوللـە لەدەستی دەرچوو و خۆی بریندارکرد، کاتژمێر حەوتی بەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گیانی لەدەستدا.”
دوێنێ پێنجشەممە گەنجێکی تەمەن 24 ساڵ بە ناوی ژیار حسێن مەحموود، دانیشتووی گەڕەکی سەرای شاری هەڵەبجە، دەستکاریی دەمانچەی کرد و بە سەختی خۆی بریندارکرد، ئەوەش دوای دەرچوونی گولـلەیەک لە دەمانچەکەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە،هاوڕێیەكی ئەو گەنجەی گیانی لەدەستدا بە ناوی (ئـ.م.ج)، تەمەن 22 ساڵ خاوەنی دەمانچەکەیە و بەپێی ماددەی 411ـی یاسای سزادانی عێراق بەندکراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لە پۆلیسی هەڵەبجە بۆ کراوەتەوە.