ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆکرا لەبارەی راپۆرتی لیژنە سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 و پارەی تەواویش بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێم مسۆگەرکراوە.
د. نەرمین مەعروف رایگەیاند، بودجەی ئەمساڵ تەنها خشتەی داهات و خەرجی لەخۆدەگرێت بە بڕی خەرجی زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار و مانەوەی دەقی ماددەکانی بودجەی ساڵی 2023 لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی ( 2023، 2024، 2025) کە پارساڵ پەسەندکرا.
دەشڵێت:’بودجەی ئەمساڵ هیچ تەرخانکراوێکی تێدا نییە بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان و پترۆدۆلار.”
راشیگەیاندووە، پشکی هەرێم لەگەڵ بڕی تەرخانکراو بۆ تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە، و لەم بڕە زیاتر لە 11 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەتەواوی بەدەرکراوە لە مەرجی خەرجی کرداری(الانفاق الفعلي)، بەوەش دابەشکردنی مانگانەی مووچە لە هەرێم بە تەواوی مسۆگەرکراوە.