سەرۆکی حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ 1/6 بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی یەکێتی کرد و دەڵێت” هیوادارم لە تێکۆشان و خەبات لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و هەروەها لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن و هەر سەرکەوتوو بن”.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
بۆ سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛
سڵاو و ڕێز…
پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەڕێزتان و ئەندامان و لایەنگرانتان دەکەم.
یەکێتی خاوەن مێژوویەکی دیار و بەرچاوە و لە زۆر قۆناغی جیاوازی مێژووی گەلەکەماندا، ڕۆڵی دیار و کاریگەری هەبووە.
لەم ڕۆژەدا یادی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خوالێخۆشبوو بەڕێز مام جەلال دەکەینەوە و هیوادارم لە تێکۆشان و خەبات لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و هەروەها لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن و هەر سەرکەوتوو بن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان