سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەبارەی ڕێگای گەشەپێدان، هەناردەکردنی نەوت و پرسی ئاو چەندین زانیاری ئاشکرا دەکات.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، کە پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، بەپێی ھاوکێشەکانی ئێستای بازاڕ و جوڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی، بە واتای بەستنەوەی ڕۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراقەوە.
لە مانگی نیسان ڕابردوو سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای ١٣ ساڵ بۆ یەکەمجار سەردانی بەغدای کرد کە میدیاکانی عێراق ئەو سەردانەیان بە مێژووی و نەخشە ڕێگایەک بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات وەسف کرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی “یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەبارەی چوارچێوەی ستراتیژی” و “ڕێککەوتنێکی چوارچێوەی ھاریکارییان لە بواری ئاودا” واژوو کرد، ھەروەھا ٢٤ ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان بەرپرسانی ھەردوو وڵات لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار، فێرکردن، تەندروستی، ئاسایش، زانستی تەکنەلۆژیا، وەبەرھێنان و وەرزش و چەند بواری دیکە، واژوو کران.
ھەر لە میانی سەردانەکەدا، بەسەرپەرشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، یاداشتنامەیەکی چوار لایەنە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” واژوو کرا.
پڕۆژە “ڕێگای گەشەپێدان”، ڕێگای وشکانی و ھێڵی ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە باشووری عێراق بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بۆ تورکیا درێژ دەبێتەوە، ئەوەش بە ئامانجی گواستنەوەی کەلوپەلی بارزگانی لەنێوان ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو.
گرنگی “ڕێگای گەشەپێدان“
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی گرنگی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، وتی، “لە سەرەتادا دەبێت لە ڕووی مێژووییەوە سەیری ڕۆڵی عێراق بکەین لە بازرگانی نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا لە ماوەی چەندین سەدەدا، من زیادەڕەویی ناکەم ئەگەر بڵێم لە سەردەمی پێش مێژووەوە، میزۆپۆتامیا ڕێڕەوێکی ئاسان بووە بۆ کاروانە بازرگانییەکان تا بتوانن لەگەڵ شارەکان و ناوەندەکانی شاردا بازرگانی خۆیان بکەن”.
دووپاتی کردەوە، “پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە بنەڕەتدا گێرانەوەی ئەم ڕۆڵە مێژووییەی عێراق لە بواری بازرگانییدا و بەستنەوەی بەندەری لفاو بە سنووری تورکیا، ھەروەھا پڕۆژەکە بەپێی ھاوکێشەکانی ئێستای بازاڕ و جوڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی، بە واتای بەستنەوەی ڕۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق و تورکیاوە”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیشی کردەوە، “ناوچەکە ناوە ناوە ڕووبەڕووی ململانێ و گرژییەکان دەبێتەوە کە ھەندێک جار ئەو ململانێ و گرژییانە کەم دەبنەوە و ھەندێک جارێش زیاد دەکەن، ئەمەش وامان لێدەکات ھەوڵەکانمان لەسەر ئەو پڕۆژانە چڕ بکەینەوە کە لە بەرژەوەندی، سوود و قازانجمان دایە”.
وتیشی، “ڕێگای گەشەپێدان دەرفەت بۆ دروستکردنی شارە پیشەسازییەکان لە ھەردوو دیوی پڕۆژەکە دەڕەخسێنێت، ئەمەش تەواوکەری ئەو بازرگانییە دەبێت کە تیایدا تێدەپەڕێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا، یەکەمین شوێن بۆ لەنگەرگرتنی کەشتی لە بەندەری فاو دەکەینەوە، ھەروەھا لە سەرەتادا، پڕۆسەی گواستنەوەی کەلوپەل لە ڕێڕەوی ڕێگای گەشەپێدانەوە دەست پێ دەکات”.
محەمەد شیاع سودانی ڕاشیگەیاند، “ھەموو ئاماژەکان، خوێندنەوە ئابوورییەکان لێکۆڵینەوەکان دەڵێن کە ئەم ڕێڕەوە ھەرزانترین و خێراترین ڕێڕەوە لە نێوان ڕێڕەوەکانی دیکەدا، ئێمە ناڵێین کە جێگرەوەیە، بەڵام بازرگانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕاستی پێویستی بە ڕێگای گەشەپێدان ھەیە، چونکە پڕۆژەیەکی بەستنەوەیە و لە پێناو بەرژەوەندی و بەردەوامبوونی ئابووریی، گەشە دەکات”.
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عەبدولقادر ئورالئۆغڵو دوای سەردانەکەی سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، ڕاگەیاندبوو کە لەگەڵ وەگەرخستنی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراق لە ٢٠ ملیار دۆلارەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ٣٠ـ٤٠ ملیار دۆلار.
زیادبوونی بارزگانی نێوان تورکیا و عێراق
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی داھاتووی قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق کە بە ٢٠ ملیار دۆلار دەخەڵمێندرێت، وتی، “زیادبوونی قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ تورکیا دەتوانرێت بە شێوەیەکی ستوونی فراوان بکرێت، بەڵام ئێمە ھەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی ئاسۆییش فراوانی بکەین، بە کورتی ئەمە ڕۆڵی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ئەو پڕۆژانەیە کە پێیەوە گرێدراون”.
وتیشی، “ئەزموون و مێژوو سەلماندوویانە کە پێشکەوتنی وڵاتێک بە تەنھا و بە دابڕان لە دراوسێیەکەی، کارێکە کە ئایندەیەکی نادیارە سەرەڕای ھەموو ئەگەر و ململانێیەکان، بۆیە ئێمە سەرنجمان لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕ و ھاوبەشی کردارییە لەگەڵ تورکیا، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و پەیوەندی قووڵی درێژخایەنی نێوان ھەردوو وڵات”.
وەبەرھێنان لە غازدا
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی وەبەرھێنان لە کێڵگەکانی غازدا لە عێراق، ڕایگەیاند، “وەبەرھێنانی غاز تاقیکردنەوەیەکی ستراتیژییە بۆ عێراق و دەبێت سامانی نیشتمانیمان بە باشترین شێوە بەکاربھێنرێت بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان و پلانەکانی گەشەپێدان”.
وتیشی، “ناکرێت بەردەوام بین لە سوتاندن غاز، یەکەمیان بەھۆی بەفیڕۆدانی ئەم سامانە کە دەتواندرێت سوودی لێ وەربگیرێت، دووەمین بەھۆی کاریگەرییە ژینگەییەکانەوە، ئێمە خولێکی تایبەتی مۆڵەتمان بۆ وەبەرھێنان لە کێڵگەکانی غازدا ڕاگەیاند”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” ئێمە پلانمان ھەیە لە ماوەی سێ ساڵدا، عێراق پێدوایستییەکانی خۆی لە غازدا دابین بکات، عێراق بە متمانەوە ھەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا ببێتە وڵاتێکی گرنگ لە بازاڕی غازدا، ھەروەھا لە ساڵانی داھاتوودا، غاز پێویستیش بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا دابین دەکەن”.
ھەروەھا سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، “پسپۆڕان دەزانن کە بوونی بنکەیەکی تەکنەلۆژی بۆ وەبەرھێنانی گاز لە ھەمان کاتدا بناغەیەکە بۆ فراوانکردنی پیشەسازیی پترۆکیمیایی و ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە ھەوڵی بۆ دەدەین”.
محەمەد شیاع سودانی لە بارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت کاری وەبەرھێنان لە بواری غازدا لە عێراق بکەن، وتی، “دەرگاکان کراوەن بە ڕووی ھەموو کۆمپانیا بەناوبانگ و لێھاتووەکان کە دەیانەوێت بەشداری لەم کەرتەدا بکەن، ھەروەھا ئێمە پێشوازی لە کۆمپانیا ھەرێمییەکان دەکەین، چونکە بناغەی ھاریکاری لە بوارەکانی دیکەدا فراوانتر دەکەن”.
وتیشی، “گرنگە تێبگەین کە وەبەرھێنانی غاز، مانای دابینکردنی سەرچاوەکان گەشەپێدان لە عێراق دەگەیەنێت، ئەو سەرچاوانەی کە دەتوانرێت وەبەرھێنانیان تیایدا بکرێت لە بوارە ئابوورییە جۆراوجۆرەکاندا، ئەو سەرچاوانەش کراوە دەبن بە ڕووی بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دۆست”.
لە ئێستادا، بەرھەمھێنانی غاز لە عێراق، دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن پێی سێجایە، ھەروەھا یەدەگی غاز لە عێراق، بە ١٣٢ تریلیۆن پێی سێجا دەخەڵمێندرێت، بەلام لەو ژمارەیە ٧٠٠ ملیار پێی سێجای لێ سووتاوە، ئەمەش بەھۆی لاوازی توانای بەکارھێنانی لەلایەن عێراقەوە.
داھاتووی ھەناردەکردنی نەوت
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی داھاتووی ھەناردەکردنی نەوت، ڕوونی کردەوە، “ڕاگرتنی بەھەرھەمھێنانی نەوتی عێراق کە لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان، بێگومان زیانێکە بۆ عێراق و بەلایەنی کەمەوە لەدەستدانی سوودێکی چاوەڕوانکراوە کە دەتواندرێت پشتی پێ ببەستریت بۆ پلانەکانی گەشەپێدان لە پارێزگاکانی ھەرێم و پتەوترکردنی ئابووری عێراق بە گشتی”.
وتیشی، “ئێمە دەستپێشخەریمان کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی چارەسەری قبوڵکراو دوای لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی تەواو، بەڵام پرسەکە پەیوەندیدارە بە پابەندبوونێکی یاسایی، چونکە لە یاسای بوودجەی فیدراڵیییدا، تێچووی بەرھەمھێنانی بەرمیلێک نەوت لە ھەموو کێڵگەکاندا لە چوارچێوەی تێکڕای نیشتمانی تێچووی بەرھەمھێناندا ھەژمار کراوە کە ھەشت دۆلارە بۆ ھەر بەرمیلێک، بەپێی ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی ڕایگەیاندووە”.
وتیشی، “بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە ھەرێم کار دەکەن، تێچووی بەرھەمھێنان بە ٢٦ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک ھەژمار دەکات، ئێمە پێشنیارمان کردووە کە یاسای بوودجە ھەموار بکرێتەوە، یان گرێبەستەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە واژوو کراون، ھەموار بکرێنەوە”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند، “لەو ڕوانگەیەوە، کۆمپانیاکان بەرھەمھێنانیان ڕاگرت، بەڵام ڕاگرتنەکە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە نەبووە و چاوەڕێی چارەسەرێک دەکەین، کۆمپانیاکان ڕەتیان کردووەتەوە کە گرێبەستەکانیان ھەموار بکەنەوە لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێم بەوە ڕازی بووە”.
ھەروەھا ڕوونی کردەوە، “لەبەر ئەم ھۆکارە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی یاسایی بۆ ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی مافەکانی عێراق و گەلەکە بۆ سامانەکەی بدۆزرێتەوە”.
وتیشی: “سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەرەکانی تورکیاوە، ئەو پرسە ژێر لێکۆڵینەوە دایە و دیاریکردنی سوودەکانی ئابووری پێش ھەموو شتێکە”.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەئێستادا، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە وڵاتەکەی، گەیشتووەتە چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ھاوکات عێراق ٢٥ ملیۆن لیتر ڕۆنی ئۆتۆمبێل، بەنزین، نەوتی سپی و غازی سرووشتی ھاوردە دەکات.
پێشتر محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندبوو، عێراق ھەوڵدەدات ھاوردەکردنی بەرووبوومە نەوتییەکان ڕابگرێت کە سێ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دابین دەکات.
ھاریکاری و سوود وەرگرتنی لە شارەزایی تورکیا لە بواری ئاودا
محەمەد شیاع سودانی لە بواری ڕێککەوتننامەی ھاریکاری کە عێراق لە بواری سیاسەتی ئاودا لەگەڵ تورکیا واژووی کردووە، وتی، “بۆ ھەمووان ڕوونی کە دیجلە و فورات، دوو ڕووباری شادەماری ژیانیان بۆ عێراق، بۆیە دەیان ساڵە دۆسیەی ئاو لە دۆسیە ستراتیژیییە گرنگەکانی نێوان عێراق و تورکیایە”.
وتیشی، “لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی کەمی ئاو بووینەوە، تەنانەت لە ھەندێک حاڵەتیشدا نەمانتوانی ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک شار و پارێزگاکانی باشوور دەستەبەر بکەین و برا تورکەکانیش تێبینییان ھەیە سەبارەت بە بەکارھێنانی ئاو لە عێراق”.
ڕاشیگەیاند، “لەسەر ئەرزی واقع، ھەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم بۆ ئاودێری لە عێراق کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دابینکردنی ئاو دەبێت، ھەروەھا تورکیا ئەزموونێکی پێشەنگی ھەیە لە بواری بەڕێوەبردنی سامانی ئاودا”.
ھەر لەوبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە گرنگی ڕێککەوتننامە کرد و وتی: ” ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانە، پرۆژەی بەڕێوەبردنی ئاومان پێشنیاز کرد کە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیە و ١٠ ساڵ دەخایەنێت، ئەوەش بە ئامانجی باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی سیستەمی ئاودێری و تەکنیکی ئاودێری سەردەم، لەوانەش بەنداوەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” ئێمە پێشتر بۆ ھەمووان ڕوونمان کردووەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندی ھیچ کەسێکدا نییە، نە تورکیا و نە ناوچەکە کە کێشەکە لەبارەی پشکی عێراق لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات خراپتر بێت و ئێمە لە کۆتاییدا بە یەک ھێڵی ژیانەوە گرێدراوین کە بناغەی شارستانییەتی عێراقە کە ماوەکەی ھەزاران ساڵە”.