مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە بەفێڵ پارەی لەچەند کەسێک وەرگرتبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سێ هاووڵاتی سکاڵایان لەسەر تۆمەتبارێک تۆمارکرد، کە بڕی ٤٠ هەزار دۆلار (٤ دەفتەر دۆلار)ی بەناوی ئیشکردنەوە لێ وەرگرتوون، بەڵام دواتر تۆمەتبار فێڵی لێکردون و پارەکەی خواردووە.
ڕاشیگەیاندووە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق توانیان تۆمەتبار بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە، کە بەفێڵ پارەی لەچەندین کەس وەرگرتووە.
جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ع، ع، ف) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٥٦ لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.