ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وادەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق دیاریكرد، كە لە كۆتایی ساڵی 2025 دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی (31ـی ئایاری 2024)، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگ لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق، بڕیاریدا لە کۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی بە ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بهێنێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، محەممەد شیاع سودانی لە 8ـی نیسانی 2024 لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای كردبوو، تاوەکو کۆتایی 2025، کۆتایی بە ئەرکی یونامی بهێندرێت لە عێراق، تاوەکو ئەو کاتەش تەنیا کارەکانی لە چەند بوارێک تەواو بکات و ڕێوشوێنەکانی داخستنی ئەو نێردەیە بگرێتەبەر.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە ساڵی 2003ـوە لە عێراق کاردەکات. سەرۆکی نێردەکە، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە.