وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕێنمایی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوکردەوە و تیایدا مەرجەكانی وەرگرتنی زەوی و ڕووبەری زەوییەكە و نرخی تاپۆكردنی و خاڵبەندی وەرگرتنی دیاریكراوە.
بەپێی رێنماییەکانی ژمارە (2)ی ساڵی (2024) کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، ئەو فەرمانبەرانە زەوییان پێ دەدرێت، كە پێشتر شوقە یان زەوییان لە دەوڵەت یان کۆمەڵەکانی هەرەوەزی نیشتەجێکردن وەرنەگرتبێت و سوودمەند نەبووبن.
بەپێی ڕێنماییەكە، فۆڕم و بەڵێننامە لەلایەن شارەوانییەوە دروست دەكرێت و گشتاندنی بۆ دەكرێت بەسەر فەرمانگەكان.
هەر بەپێی ڕێنماییەكە، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، ئەو زەوییەی دەدرێت بە فەرمانبەران ڕووبەرەكەی 200 مەتر دووجایە و بە نرخی 5 هەزار دینار بۆ یەك مەتر لەناو شارەكان و 3 هەزار دینار لە قەزاكان و 2 هەزار دینار لە ناحییەكان. “واتە ئەو 200 مەترە لەناو شار بە یەك ملیۆن دینار و لە قەزاكان 600 هەزار دینار و لە ناحییەكان 400 هەزار دینارە”.