كۆمەڵ: بەردەوام لەبەرەی خەڵک دەبین و داکۆکیکاری داخوازی و مافەڕەواکانیان دەبین



كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاگەیاندنی حزبەكەیان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئامانج لەڕاگەیاندنی کۆمەڵ، گەشەپێدان و فراوانکردن و گەورەکردنی پرۆژەی ئیسلامیی بوو.

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەڵێن بە خوای گەورە و پاشان ئەندامان و تەواوی خەڵکی مسوڵمان و ئیسلامخوازی کوردستان دەدەین، کە پابەند و بەردەوامیی ئەو بنەما و قەناعەتە نەگۆڕانە بین کە کۆمەڵی دادگەریی لەسەر دروستبووە، لەسەرو هەمووشیانەوە داکۆکیی و بەرگرییی لە ناسنامەی دینداریی و مسوڵمانیەتی میلەتەکەمان و هەوڵدان بۆ خۆشگوزەرانیی و دابینکردنی ئاییندەیەکی ڕوون و ڕەوان بۆ هاووڵاتیان.

دەقی پەیامەكە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
هاوڵاتیانی بەڕێزی کوردستان
ئەندامان و کادرانی کۆمەڵی دادگەریی
پێشمەرگە خواناس و دیندارەکانی کاروانی ئیسلامیمان.
٢٣ ساڵ بەرلە ئێستا و لەکاتێکدا بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتیی ئاڵۆز و هەم کار و پرۆژەی ئیسلامیشمان لە لێواری کێشە و قەیراندا بوو، “کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان” ڕاگەیەندرا.
ڕاگەیەندنی ئەم هێزە ئیسلامییە لەو قۆناغەدا، لە پێناو خزمەت بە هاووڵاتیان و بانگەوازی ئیسلامی دا بوو، هەربۆیە بوو بە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە کاری ئیسلامیی و، لە ماوەیەکی کەمدا بووە جێگەی هیوا و ئومێدی خەڵکی مسوڵمانی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان.
لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، کۆمەڵی دادگەریی بە پشتیوانی خوای پەروەردگار زۆر قۆناغی سەخت و پڕ ناڕەحەتی تێپەڕاندووە و بەردەوام هەنگاوی بەرەو لوتکە ناوە و هەرچی کۆسپ و ناڕەحەتی هەیە، وەک دڕک و داڵی سەرەڕێ وەلای ناوە و بۆ خزمەتی پرۆژەی ئیسلامیی و خەڵکی مسوڵمانی کوردستان، چاوی لە ئاییندەیەکی گەش و بەدیهێنانی ئێستا و دواڕۆژێکی پرشنگدار بووە، کە هەمووان لە سایەی دادگەریی ئیسلامدا بحەسێنەوە.
ئامانج لەڕاگەیاندنی کۆمەڵ، گەشەپێدان و فراوانکردن و گەورەکردنی پرۆژەی ئیسلامیی بوو، گرنگیدانی کۆمەڵ بە کردنەوەی دەزگا و دامەزراوە پەروەردەیی و بانگەوازییەکان، سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە.
بەگژداچونەوەی گەندەڵیی و ستەمکاریی، بنەمای سەرەکی باوەڕ و ستراتیژی کار و چالاکییەکانی، پێشاندانی ئەزمونی جیاوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی خەڵک، ئۆپۆزسیۆنبوونی بەپلان و پرۆژە، لەو جیاوازییانەیە کە هەمیشە کۆمەڵ و نوێنەرەکانی پێ ناسراوەتەوە.
ئێستا کە ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئەم هێزە خۆماڵییە ئیسلامییە دەکەینەوە، بەڵێن بە خوای گەورە و پاشان ئەندامان و تەواوی خەڵکی مسوڵمان و ئیسلامخوازی کوردستان دەدەین، کە پابەند و بەردەوامیی ئەو بنەما و قەناعەتە نەگۆڕانە بین کە کۆمەڵی دادگەریی لەسەر دروستبووە، لەسەرو هەمووشیانەوە داکۆکیی و بەرگرییی لە ناسنامەی دینداریی و مسوڵمانیەتی میلەتەکەمان و هەوڵدان بۆ خۆشگوزەرانیی و دابینکردنی ئاییندەیەکی ڕوون و ڕەوان بۆ هاوڵاتیان، هەر لەم سۆنگەیەشەوە پشتیوان بەخودا بەردەوام لەبەرەی خەڵک دەبین و داکۆکیکاری داخوازی و مافەڕەواکانیان دەبین.
هەر لەم بۆنەیەشدا، پیرۆزبایی لە خۆمان و هەموو خزمەتکارانی کار و پرۆژەی ئیسلامیی لە کوردستان دەکەین، لە خوای گەورە داواکارین، لەسەر ڕێبازی موبارەکی ئیسلامەتیی بەردوامیمان پێ ببەخشێت و هەمووانیش لەژێر سایە و ساباتی دادگەریی خۆیدا بگەیەنێتە ئامانج.
والسلام علیکم و رحمە اللە
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
۳۱/٥/۲٠۲٤

 

قوباد تاڵەبانی پەیامێك بۆ بافڵ تاڵەبانی برای دەنێرێت
پێت قوباد تاڵەبانی پەیامێك بۆ بافڵ تاڵەبانی برای دەنێرێت
پارەی مۆلیدە دیاری دەکرێت و کاتی کارکردنیان گۆڕا
دوات پارەی مۆلیدە دیاری دەکرێت و کاتی کارکردنیان گۆڕا
پەیوەندیدار