سودانی کردنەوە و وەگەڕخستنی ١٧٣ وێستگەی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای ڕاگەیاند



سەرۆک وەزیرانی عێراق کردنەوە و وەگەڕخستنی ٤٨ وێستگەی گواستنەوەی کارەبا و ١٥٢ وێستگەی دابەشکردنی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پینجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ٤٨ وێستگەی گواستنەوەی کارەبا و ١٥٢ وێستگەی دابەشکردنی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکاندا، خراونەتە کار.

ئاماژەی بەوەشداوە کە کردنەوە و وەگەڕخستنی وێستگەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پاکێجی ئەو پڕۆژانە دێت کە بۆ چارەسەرکردنی جەنجاڵی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکان، جێبەجێ دەکرێن.

عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.

لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە ٤٣ پلەی سەدی و ھەندێک جارە دەگاتە ٤٨ پلەی سەدی.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سعوودیە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا واژوو کرد کە بەپێی یاداشتنامەکان، ھەردوو وڵات بە تۆڕی کارەبا دەبەسترێنەوە.

عێراق ھەوڵی ھەمەجۆڕکردنی سەرچاوەکانی ھاوردەکردنی کارەبا دەدات، دوای ئەوەی لە میانی ساڵانی رابردوودا، بۆ دابینکردنی کارەبا تەنھا پشتی بە ئێران بەستبوو.

بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.

سودانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئاشکرا کرد
پێت سودانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئاشکرا کرد
تۆمارکردنی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دەستیپێکرد
دوات تۆمارکردنی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دەستیپێکرد
پەیوەندیدار