ئاشتی حەمەساڵح – مامۆستای زانکۆ
هیچ ئاگرێک بێ دوکەڵ نییە!!
هەموو خاوەن پڕۆژەکان!
هەموو دەسەڵاتدارە ئیداری و سیاسییەکان!
هەموو دەسەڵاتە کۆمەڵایەتی خێزانییەکان!
سەرەتا بە ترسێکەوە دەستدەبەن بۆ ئەو کارانەی کە دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی کە دەزانن مشتومڕێکی زۆری تێدەکەوێت.
لەسەرەتادا دێن ڕایگشتی و چۆنێتی کاردانەوەی خەڵکەکەیان دەپێون، تا بزانن ڕادەی کاردانەوەیان چۆنە!
ئیدی کە زانیان خەڵکەکە هەروا کەمێک بۆڵەبۆڵ دەکەن و بەدەم خواردنی چەرەساتەوە کەمێک گلەی لە دەسەڵات و لە بەختی خۆیان دەکەن، هەر لە دوورەوە و زۆر بە هێواشی دەڵێن “فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ!” و دواتر پاشەکشە دەکەن و بابەتەکە وەک ‘ئەمری واقع’ قبوڵ دەکەن، ئیتر دوای ئەمە خاوەن پڕۆژەکە دەستبەکاری خێر دەکات و ئیشەکەی دەکات بە ئەمری واقع.
بەڕێزان ئەمە کرۆکی بابەتەکەیە!
تازە گۆیژە بریندارکراوە و جەستەی شێوێنراوە!، ئەوان ماوەی ساڵێکە بە دەنگێکی هێواش دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن ئێمە ئەم ئیشە ئەکەین، کەناڵێک، کەسێک کارێکی ڕۆژنامەوانی و بەدواداچوونی بۆ نەکرد، هەمووی بێدەنگ بووە، ساڵێکە بەبەرچاوی هەمووانەوە ئامادەکاری بۆ ئەم پرۆژەیە دەکەن، ڕایگشتی دەپێون، هەمووی بێدەنگە!
ئێستا کە ئەم شاخە شیرینە شێوێنراوە ناڕەزایی و بۆڵەبۆڵ چ سودێکی هەیە!؟
دوای باران فەرەنجیمان بۆچییە؟!