وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی ئاگاداردەکاتەوە، زانیارییان لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ ڕەوانە بکەن لە ماوەی پێنج ڕۆژی کارکردندا.
بەپێی نووسراێكی وەزارەتی شارەوانی، كە دوێنێ سێشەممە 28ی ئایار دەرچووە بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتەكە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان نێردراوە، داوا كراوە بەپەلە زانیاری لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەستیان بۆ بنێرن.
ئاماژە بەوە كراوە، كە بە مەبەستی دیاریكردنی ڕاژەی فەرمانبەرانی گرێبەست، چەند زانیارییەكیان بۆ بنێرن.
تێیدا هاتووە: “زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بنێرن، لەگەڵ دیاریكردنی ئەوانەی بێ بڕوانامەن، یان بە بڕوانامەی سەرەتایی، یان دواناوەندی بە گرێبەست دامەزراون، لەگەڵ دیاریكردنی ماوەی كاركردن و ڕاژەیان.”
جەختیش كراوەتەوە، كە دەبێت خزمەتی هەموو فەرمانبەرانی گرێبەست دیاری بكرێت، لەگەڵ ئەو بڕوانامانەی ئێستا هەیانە.
وەزارەتی شارەوانی داوای كردووە، كە بەپەلە و لە ماوەی پێنج ڕۆژی كاركردندا، ئەو زانیارییانەیان بۆ ڕەوانە بكرێت.
ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكوومەت 30 هەزار و 672 فەرمانبەرە، كە بەشی زۆریان لە وەزارەتی شارەوانین.
پێشتر د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان راگەیاند: “لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، پرسی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست باس كرا، ئەنجوومەن بڕیاری دا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانكردنی مەرج و ڕێكار و میكانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییكردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات، كە بە ڕێكارە یاساییەكان دەتوانن ببنە هەمیشەیی.”
لە كۆبوونەوەی رۆژی 8ی ئایاری 2023دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا كرد و ڕاپۆرتێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادە كرابوو و وردەكارییەكەی لەلایەن سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنەوە خرایە ڕوو.
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئاماژەی بەوە دا: “دوای ئەو لێكۆڵینەوەیە، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست دەردەچێت و دەرەنجامەكان دەردەكەون.”
بەپێی زانیارییەكان، لێژنەیەكی باڵای وزاری بۆ ئەو پرسە لە چەند وەزیرێك و بەرپرسێك پێكهاتووە و كۆبوونەوەش لەسەر ئەو پرسە كراوە و ئەنجوومەنی ڕاژە راسپێردراوە ڕێكارەكانی بەهەمشەییكردنی گرێبەستەكان دیاری بكات.
پێشتر پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: “بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە خزمەتگەیاندن بە حكوومەت و راییكردنی مامەڵەكانی حكوومەت، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مافی فەرمانبەرانی گرێبەستی زانی، كە بكرێن بە فەرمانبەری هەمیشەیی.”