رۆژی 30ی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٦ كە ھاوكات بوو لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، سەرۆكی پێشووی عێراق، سەدام حوسێن لەسەر ئەنجامدانی چەندین تاوانی “كۆمەڵكوژی” لەسێدارەدار.
-لە دوای تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، ھێشتا نەھامەتی عێراقییەكان كۆتایی نەھاتووە، چونكە تا ئێستا بەدەست چەندین كێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن.
لەگەڵ ئەوەی ١٦ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێندا تێپەڕدەبێت، بەڵام ھێشتا سەقامگیریی ئەمنیی و سیاسیی لە عێراق بەرقەرار نەبووە، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو وڵاتە لە میانی چەند ساڵی رابردوودا، بەرەوڕووی قەیرانی ئابووریی و ھێرشی رێكخراوە تیرۆریستەكانی “ئەلقاعیدە” و “داعش” بووەوە.
دوای رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، ئەمریكا و ئێران ھەژموونی سیاسیی و سەربازیی خۆیان لە عێراقدا سەپاند، بەهۆی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، نائارامی زیاتر باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بەفەرمانی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، جۆرج دەبلیو بوش هێزەكانی ئەمریكا بەهەماهەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانانی ئەمریكا ھێرشیان كردە سەر عێراق، بەڵام بەر لەوەی ھێرشەكە ئەنجام بدرێت، ئەمریكا و ھاوپەیمانان ٤٨ كاتژمێر مۆڵەتیان دا بە سەدام حوسێن بۆ ئەوەی عێراق جێبھێڵێت، لەبەرامبەردا سەدام حوسێن ئەو داوایەی رەت كردەوە و دواتر شەڕ و پێكدادان لەنێوان ھێزەكانی ھاوپەیمانان بەسەركردایەتی ئەمریكا و سوپای عێراقدا روویدا كە بە رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن كۆتایی ھات.
لە ١٣ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٠٣دا، سەدام حوسێن دوای خۆشاردنەوەی بۆ چەند مانگێك لە نزیك شاری تكریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەددین باكووری عێراق لە میانی ئۆپەراسێۆنێكی ھێزەكانی ئەمریكادا دەستگیركرا و لە دوای دادگاییكردنی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركرا و لە 30ی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٦دا لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا لەسێدارەدرا.
دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیكی واژووی لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی سەدام حوسێن كرد، بڕیارەكە لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا، جێبەجێ كرا.
لەدوای لەسێدارەدانی سەدام حوسێن دەیان كەس لە شوێنی لە دایكبوونی لە شاری تكریت گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لەھەمبەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێن دەربڕی و لە كاتێكدا حكوومەتی ئەو كاتەی عێراق داوای لە خانەوادەی سەدام حوسێن كرد، خێرا تەرمەكەی بە خاك بسپێرێت، بەڵام كەسوكاری تەرمەكەیان بردەوە بۆ گوندی عۆجە نزیك شاری تكریت و لەوێ لە یەكێك لەو خانووانەی كە خۆی دروستی كردبوو بەخاكیان سپارد.
سەرۆكی رژێمی پێشووی عێراق، سەدام حوسێن لە لەسەر ئەوەی كە لە ساڵی ١٩٨٢ لە میانی سەردانێكدا بۆ شارۆچكەی دوجێل باشووری پارێزگای سەڵاحەددین ھەوڵی تیرۆركردنی درا، “كۆمەڵكوژی” دژبە دانیشتوانی شارۆچكەكە ئەنجامدا كە تیایدا ١٤٨ ھاووڵاتی شیعە مەزھەب كوژران.
ھەروەھا بەبڕیاری سەدام حوسێن، تاوانی “ئەنفال” ئەنجامدرا كە بەهۆیەوە بەپێی ئامارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ١٨٢ ھەزار كەس بوونەتە قوربانی، ھەروەھا شاری ھەڵەبجە كیمیاباران كرا كە لە ئاكامدا، پێنج ھەزار كەس گیانیان لەدەست دا.
لەسەر ئەو تاوانانە و ژمارەیەك تاوانی دیكەی “دژبە مرۆڤایەتیی”، دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سەدام حوسێن دەركرد كە لە 30ی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٦دا جێبەجێ كرا.
لە دوای تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێن-دا، ھێشتا نەھامەتی عێراقییەكان كۆتایی نەھاتووە، چونكە تا ئێستا بەدەست چەندین كێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن.
نەھامەتی عێراقییەكان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەجۆرێك گەیشتووەتە لووتكە كە ناوە ناوە لە ناوچە سوننەنشینەكان، بەنھێنی دروشمی نووسراو بۆ پاڵپشتیكردن لە رژێمی بەعس لە شوێنە گشتییەكاندا ھەڵدەواسرێت.
ھەروەھا گەندەڵی لە زۆربەی دامەزراوەكاندا بڵاوبووەتەوە كە ئەوەیش ھاووڵاتییانی زۆر نیگەران و بێزار كردووە و تەنانەت ھەر كەسێك ھاتووەتە سەر دەسەڵات نەتوانیوە، گەندەڵی بنبڕ بكات.
ھەموو ئەم رووداوانەی كە دوای لەسێدارەدانی سەدام حوسێن روویاندا، بوونە رێگر لەبەردەم خۆشگوزەرانی گەلانی عێراق.
جگە لەوەیش ئەو حكوومەتانەی كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێكھێنراون، نەیانتوانیوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ ھاووڵاتییان وەك ئاو و كارەبا دابین بكەن، ئەوەیش وای كردووە ناوەناوە خۆپیشاندان لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەتایبەت لە وەرزی ھاویندا كە عێراقییەكان دژبە نەبوونی كارەبا دەڕژێنە سەر شەقامەكان و دژبە حكوومەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
لەگەڵ ئەوەی ١٦ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێن-دا تێپەڕدەبێت، ھێشتا سەقامگیریی ئەمنیی و سیاسیی لە عێراق بەرقەرار نەبووە، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو وڵاتە لە میانی چەند ساڵی رابردوودا، بەرەوڕووی قەیرانی ئابووریی و ھێرشی رێكخراوە تیرۆریستەكانی “ئەلقاعیدە” و “داعش” بووەوە.
دوای لەسێدارەدانی سەدام حوسێن لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، رێكخراوی تیرۆریستیی “ئەلقاعیدە” لە عێراق سەریھەڵدا كە تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو.
رێكخراوی تیرۆریستیی “ئەلقاعیدە” دوای سەرھەڵدانی لە عێراق، چەندین پەلاماری تیرۆریستی بۆسەر ھێزە ئەمنییەكان و ھاووڵاتییان ئەنجامدا كە بەھۆیانەوە كەسانێكی زۆر كوژران و برینداربوون.
دواتر رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، دەستی بە ھێرش كرد و یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیركرد، حكوومەتی عێراق ١٠٠ ملیار دۆلار زیانی ماددی كرد و ھەرچەندە شكستپێھێنانی داعشی راگەیاندووە، بەڵام هێشتا رێكخراوەكە بەردەوامە لە ئەنجامدانی پەلامار بۆسەر ھێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی.
دوای رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، ئەمریكا و ئێران ھەژموونی سیاسیی و سەربازیی خۆیان لە عێراقدا سەپاند، بەهۆی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، نائارامی زیاتر باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە.
دوای ئەوەی لە سێی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە ئاكامی ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی ئەمریكادا، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس كوژران عێراق بووە گۆڕەپانی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران.
دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی كاردانەوەكان دژبە مانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق زیادیان كرد و لە پێنجی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەژێر ھەژموون و كاریگەریی لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران بڕیارێكی دەركرد بۆ ئەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە.
ھەرچەندە ئەمریكا و ھێزەكانی ھاوپەیمانان بەشێكی بنكە سەربازییەكانیان چۆڵ كرد و رادەستی ھێزەكانی عێراق-یان كرد، بەڵام ناوە ناوە بە ئاراستەكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەك ھێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و ئامانجەكانی ھێزەكانی ھاوپەیمانان ناوبەناو رووبەڕووی بوونەوە.
باس لەوە كراوە كە گرووپە چەكدارە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە پشت ئەنجامدانی ئەو پەلامارانەوە بوون، بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر سەربازانی ئەمریكا تا عێراق بەجێبھێڵن.